شۆڕش غەفووری – هەولێر
گۆی زەوی لە ڕووی کەش و هەواوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەتا دێت كێشەی ئاو زیاتر و زیاتر دەبێت. هەرێمی كوردستانیش بێبەش نەبووە لەم كێشە و گۆڕینە ژینگەییانە و وشكەساڵی و كەمئاوی كاریگەری لەسەر داناوین، بەدەر لەو خۆڵبارین و گەرمبوونی كەش و هەواش كە بەردەوامە.
عێراق لە دۆخێكی خراپی كەم ئاوی و بەبیابانبووندایە و ئێستا دونیا دەزانێت كە ئەوە هەرێمی كوردستانە دەتوانێت ببێتە ڕزگاركەری عێراق و ناوچەكە، بۆیە بە هەرێمی كوردستان دەگوترێت سییەكانی عێراق كە دەتوانێت هۆكار بێت بۆ هەناسەكێشانی هەموو عێراقییوكان.
كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم چوار ساڵەی ڕابردوو، بە ناچاری هەندێك هەنگاوی زووكردەیی ئەنجام دا بە مەبەستی ڕەواندنەوەی كەمئاوی لە نێو هاووڵاتیان وەك بیرلێدان و گواستنەوەی ئاوی ئیفراز و زیادكردنی ژمارەی ئاوە ئیفرازییەكان، بەڵام ئەم پڕۆژانە هەم ناچاری بوون و هەمیش كاتی، چونكە هەر لەم كابینەیە ڕێژەی بیرلێدان 90% كەمی كردووە، ئەویش لە ڕێگەی ئەو ڕێنماییانەی كە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمەوە دەركراون بە مەبەستی پاراستنی زیاتری ئاوی ژێر زەوی.
هەروەها لە ڕووی ژێرخانیشەوە چەند هەنگاوێکی درێژخایەنی ئەنجام داوە كە بەشێكیان هەر لەم چوار ساڵەدا جێبەجێ بوون و هەندێكی دیكەیشیان لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتاییان پێ دێت و جێبەجێ دەبن.
دروستكردنی پۆند:
بۆ پشتیوانیی کشتوکاڵ و ڕووبەڕووبونەوەی لافاو، کابینەی نۆیەم بڕیاری دروستکردی چەندین پۆندی داوە. هەرێمی كوردستان لە پێش كابینەی نۆیەم خاوەن ١١٨ پۆند بوو. بەڵام بۆ ڕووبەرڕووبوونەوەی وشكەساڵی و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری و ڕزگاربوون لە لافاو بەتایبەت لە هەولێری، كابینەی نۆیەم بڕیاری دروستكردنی ٤١ پۆندی دا.
پۆندەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە دابەش بوونە:
ـ پارێزگای هەولێر: ٣٦ پۆند
ـ پارێزگای سلێمانی ١٢ پۆند
ـ پارێزگای دهۆک ٥٨ پۆند
ـ قەزای کۆیە ٦ پۆند
ـ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٦ پۆند
ـ هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا بریار لەسەر 15 پۆندی دیكە بۆ پارێزگای هەولێر دراوە بە مەبەستی ڕزگاربوونی لە لافاو كە لەم چەند ساڵەی ڕابردوو خەسارێكی گەورەی بە هاووڵاتیان و ڕێگەوبانی شارەكە گەیاند.
هەروەها چەندین پۆندی پێشنیارکراویش هەن كە لە ئایندەیەكی نێزیكدا ئەوانیش بڕیاریان لەسەر دەدرێت چونكە ئێستا لە ژێر تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندندان كە ئەوانیش بریتین لە:
ـ هەولێر ٩ پۆند
ـ دهۆک ٨ پۆند
ـ هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین: ٦ پۆند
دروستكردنی بەنداو:
هەرێمی كوردستان لە ڕووی بەنداوەوە ئاستەكەی باش نەبوو و ئەو بەنداوانەی كە هەبوون بەدەر لە بەرهەمهێنانی كارەبا و کەرتی گەشتیاری كاریگەرییان بۆ هەموو ناوچەكانی دیكە نەبوو. بۆیە لە ٤ ساڵی ڕابردوودا بڕیار درا بە دروستکردنی ٩ بەنداوی گەورە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی بەشێوەی هاوبەش لە نێوان حکوومەت و کەرتی تایبەت لەگەڵ دروستكردنی ١٠٠ پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو و بەتەواوكردنی ئەو بەنداوانەی ماستەرپلانی بۆدانراوە هەرێمی كوردستان تونای گلدانەوەی حەڤدە ملیار مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
هەرچەندە بە هۆی وشکەساڵییەوە و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی ئەگەری هەیە کە ئەم ماستەرپلانەش گۆڕانی بەسەردا بێت، چونکە لە ناوچە ئاودارەکان ئاوی ژێر زەوی زیاتر لە ١٠ مەتر کەمی کردووە و لە ناوچە وشکەڵان و گەرمیانییەکانیش زیاتر لە ٥٠٠ مەتر کەمی کردووە، ئەوە سەرەڕای گرتنەوەی ئاو لە لایەن دراوسێکانی هەرێمەوە خۆی کێشەیەکی گەورەتری سیاسییە.
بەڵام كابینەی نۆیەم دەستی بە دروستكردنی 19 بەنداوی گەورە كرد كە 7 بەنداویان بە هاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت درا كە دیراسەكردن و تاوتێكردنیان لە قۆناغی كۆتاییدایە و ئەوانی دیكەیش هەندێكیان لە جێبەجێكردندان و بە ڕێژەی 45% تەواو بوونە وەك:
ـ پاڕێزگای هەولێر: چەمرگە، گۆمەسپان،شەوگێڕ، ئاقوبان، بانوی تاڵەبان، نازەنین
ـ پارێزگای سلێمانی: دێوانە، زەلال، چەقچەق، سورقاوشان خۆرنەوەزان، باسڕە
ـ پارێزگای دهۆک: خەنس، سبنە، گەلی بەنداوە
ـ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: تورەجاڕ،خۆرنەوەزان، باوەنور.