گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان:بۆ ئەوەی درز لە نێوان پارتی و یەکێتی دروست نەبێت، پێویستە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، شاندێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام کرد و لەلایەن شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتیەوە پێشوازییان لێکرا و بۆ ماوەی نزیکەی ٥ کاتژمێر لە کۆبوونەوەدابوون.

مەحمود محەمەد، گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ یەکێتی بە ئیجابی هەڵدەسەنگێنێت و لە لێدوانێکی میدیاییدا، لەوبارەیەوە ڕای گەیاندووە؛ هەردوولا زۆر بە راشکاوی قسەیان لەگەڵ یەکدی کردووە و “کۆبوونەوەکە بە ئاراستەیەکی باش چووە پێش و، کۆمەڵێک گفتوگۆی زۆر باش و بونیاتنەرانە کرا”.
گوتەبێژی پارتی، ئەوەش دەخاتە ڕوو لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولایەن باسیان لەوە کردووە “چۆن ئەو دیدگا جیاوازانەی هەیانە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، لەیەکدی نزیکبکەنەوە و هەوڵبدەن ئەم جیاوازییانە نەبنە هۆی دروستبوونی درزێک کە خەڵکی دیکە سوودی لێ وەربگرێت.”
بە پێویستیشی دەزانێت بۆ ئەوەی درز لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست نەبێت، بەردەوام گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەنێوان هەردوولادا هەبێت و دەڵێت ؛ پێویستە بەردەوام یەکتر ببینین و لە یەکتر دوورنەبین”. سەبارەت بە ناکۆکییەکان و نەمانی متمانە لە نێوان پارتی و یەکێتی، دەڵێت، “دەبێت ئەو بێ متمانەییە چاکبکەینەوە و هەوڵبدەین کێشەکان بە هاوبەشی هەم لە کوردستان و هەم لە بەغدا چارە بکەین.”
دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارماندا کۆبوونەوەی سێیەم لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ساز بکەین ” هەرچەندە تا ئێستا رۆژی کۆبوونەوەی داهاتوو دەستنیشاننەکراوە، چونکە ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناوخۆیییان لە پێشە، دوای ئەنجامدانیان ” کۆبوونەوەکان دەست پێدەکەنەوە.