لە هەولێر قوتابخانەی ڕەشاد نەجاڕ کرایەوە

وەک دیارییەکی جوان و بەرچاوی جەژنی قوربانی پیرۆز و لەسەر ئەرکی ئەندازیار (نەجات یاسین نەجار) قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی بە تەواوی کەلوپەل و پێداویستییەکانەوە بەناوی قوتابخانەی (ڕەشاد نەجار) لەگەڕەکی سەركارێزی شاری هەولێر، لەلایەن ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە کرایەوە و ڕادەستی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

شایانی باسە ئەندازیار (نەجات یاسین نەجار) وەک خێرخوازێکی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، چەندین پڕۆژەی خێرخوازی لە شاری هەولێر و دەوروبەری کردووە، هەروەک خۆشیان بەڵینیان داوە ئەمە کۆتا پڕۆژەیان نابێت و بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی شاری هەولێری خۆشەویست.
ڕەشاد نەجار، ساڵی 1917 لە بنەماڵەیەکی ناوداری شاری هەولێر لە قەڵاتە سەرکەشەکەی لە دایک بووە؛ ئەو مرۆڤە، کەسێکی خێرخواز و هەژاردۆست بووە و لەسەرەتای ساڵی چلەکانی سەدەی ڕابردوو یەکەم کەس بووە کارگەی دارتاشی و کەلوپەلی ئەو پیشەیەی هێناوەتە شاری هەولێر. هەروا خوالێیخۆشبێت ڕەشاد نەجاڕ جگە لەو پڕۆژە گرنگ و بەرچاوە، چەندین پڕۆژەی خێرخوازی و خزمەتگوزاری دیکەی لە شاری هەولێر کردووە.