کەمتر لە 21%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە گوند دەژین

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەپێی نوێترین خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان پتر لە 10%ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ئاوارە و پەناخوازن و لە کۆی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 78%یان لە شارەکان دەژین و ڕێژەی گوندنشینان بۆ خوارووی 21% کەمی کردووە و ئەم ئامارەش بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەکانی حکوومەت بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان مایەی نیگەرانییە.

دەستەکە، پێشبینی کردووە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2023 بگاتە شەش ملیۆن و پێنج سەد و پەنجا و شەش هەزار کەس. لەو ژمارەیە سێ ملیۆن و دووسەد و نەوەد و شەش هەزار و دووسەد و چل کەس لە ڕەگەزی نێر و سێ ملیۆن و دووسەد و شەست هەزار و پێنج سەد و چواردە کەس لە ڕەگەزی مێن.
لە لایەکی ترەوە، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ ژمارەی ئاوارەکانی تەواوی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2022 ناوخۆیی لە تەواوی عێراق گەیشتووەتە یەک ملیۆن و سەد و هەشتا هەزار کەس و پشکی هەرێمی کوردستان لەو ئاوارانە نزیکەی حەوت سەد هەزار کەسە و ئەمەش سەرووی نیوەی هەموو ئاوارەکانی عێراقە.
دەستەی ئاماری کوردستان لای وایە نەبوونی سەرژمێری لە عێراق کەلێنێکی گەورەیە و تا ئەم ساتە بە وردی نازانرێ ژمارەی دانیشتووان چەندە بۆ ئەوەی بەپێی پلان و بەرنامە کار لەسەر دانیشتووان بکرێت.
پێویستە بگوترێ سی و شەش ساڵە لە عێراق سەرژمێری نەکراوە و پلانی سەرژمێریی داهاتووی عێراقیش ساڵ بە ساڵ دواکەوتووە و هەرچەندە لە یاسای بودجەی عێراق بودجەشی بۆ تەرخان کراوە بەڵام دیار نییە کەی بەڕێوە دەچێت.
ئەگەر دواین ئاماری جیهانیی worldometer بکرێتە پێوەر ژمارەی دانیشتووانی عێراق سەرووی چل و پێنج ملیۆنە و بەو پێیە هەر ئێستا ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی هەرێمی کوردستان پترە لە 14.50% و ئەگەر ژمارەی ئاوارە و پەناخوازانیش بخرێتە ڕوو، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 16%ی کۆی گشتیی دانیشتوانی عێراق.
بە پێچەوانەی پارێزگاکانی عێراق گەشەی لەدایکبوون لە کوردستان کەمی کردووە و ئەمەش وایکردووە گەشەی دانیشتووان لە عێراق لەسەرووی هەرێمی کوردستان بێت و بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری کوردستان گەشەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2023 بە 2% خەمڵێنراوە لە کاتێکدا ڕێژەکە لە عێراق زیاترە.
لە یاسای بودجەی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% داندراوە لە کاتێکدا هەر بەپێی ئەو ئامارە ڕێژەکە زۆر بەرزترە و ئەگەر خەمڵاندنەکە ڕاست دەرچێت و لە عێراق سەرژمێری بکرێت، پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانیش لە بودجەی عێراق بەرز دەکرێتەوە. لە دوای 2003 پشکەکە بە 17% خەمڵەنرابوو بەڵام لە 2014ەوە کار بەو خەمڵاندنە ناکرێت.
خاڵێکی تر کە لە ئامارەکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان جێی سەرنج و لە هەمان کاتدا مایەی نیگەرانییە ئەوەیە 78.4٪ـی دانیشتووان شارنشین و 21.6٪ـی گوندشینن.
هەرێمی کوردستان ئەگەر بیهەوێت بەرەو ئاراستەیەک بڕوا کە پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدات دەبێ گوندەکان زیاتر ئاوەدان بکرێنەوە و بە پلان و بەرنامەی جیاواز ڕێ لە کۆچی خەڵک لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان بگیرێت بەڵام لە دوو دەیەی ڕدابردوو خەڵکێکی زۆر گوندەکانیان جێ هێشتووە و لە شارەکاندا گیرساونەتەوە.
رۆژی سێشەم 11ی تەمووز رۆژی جیهانیی دانیشتووانی زەوی بوو ژمارەی دانیشتووانی زەوی بە پێی worldometer گەیشتووەتە هەشت ملیار و چل و سێ ملیۆن کەس. پێشبینی کراوە ژمارەکە لە ساڵی 2030 بگاتە هەشت ملیار و نیو و لە ساڵی 2050 بگاتە نزیکەی یازدە ملیار کەس.
هەبوونی ئاماری دانیشتووان گرنگترین بنەمایە بۆ پلان و سیاسەتی وڵاتان بۆ ئەوەی بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان و رێژەی گەشەی دانیشتووان پلانی خزمەتگوزاری دابین بکەن.