سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانی کردنەوەی چاکسازی گەوران لە گەرمیان دەردەکات

بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەکرێتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەوران لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکرێتەوە.

لەبارەی کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش، راگەیەندراوەکە روونیکردووەتەوە، لە چوارچێوەی خزمەتکردنی پاڕێزگاکانی هەرێمی کوردستان و گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئیدارە سەربەخۆکان و تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەبەر بەرژەوەندی کاروباری دانیشتووانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەو فەرمانەی دەرکردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە کە دەکاتە 11ـی تەمموزی 2023ـەوە جێبەجێ دەکرێت.

بەهۆی ئەو بۆشاییە ئیدارییەی لە ناوچەکە دروستبوو لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە (6ـی ئابی 2006) بڕیاری پێکهێنانی ئیدارەی گەرمیانی پەسەندکرد کە سنتەرەکەی قەزای کەلار بێت. هەروەها لە ساڵی 2008ـەوە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان وەک پارێزگاکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێكهاتووه‌ له ‌هه‌ریه‌كه‌ له‌قه‌زاكانی كه‌لار، كفری و به‌شێک لە ناحیه‌كانی قه‌زای خانه‌قین.