کابینەى نۆیەم؛ کابینەى وەبەرهێنان و بەرفراوانکردنی بازرگانی

لە چوار ساڵی ڕابردووى کابینەى نۆیەمدا، بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بوارى وەبەرهێنان و فراوانکردنی پانتاییی کارى کۆمپانیا خۆماڵی و دەرەکییەکان، وەکوو یەکێک لە هێڵە گرنگەکانی کاری حکومەت، پێشکەوتنی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش هاوتەریبی ڕێنمایی و یاسای نوێ بووە کە بەرهەم و دەستی کارى ناوخۆیی دەپارێزن.

٣٢ هەزار کۆمپانیا لە کوردستاندا کار دەکەن
لە هەرێمی کوردستاندا، بە کۆى گشتی، ٣٢ هەزار کۆمپانیاى جۆراوجۆر لە کاردان. بەو پێیە ژمارەى کۆمپانیاکان لە شارى هەولێر، نزیکەى ٢١ هەزار و ١٠٥ کۆمپانیایە؛ ١٨ هەزار و ٦٥٢ کۆمپانیا خۆماڵیین و ٢ هەزار و ٥١٨ کۆمپانیا بیانیین.
لە پارێزگای سلێمانی، ٧ هەزار و ١٦٥ کۆمپانیا هەن؛ ٦ هەزار و ٦٢٠ کۆمپانیا خۆماڵیین و ٥٧٩ کۆمپانیا دەرەکیین.
لە دهۆک، ٣ هەزار و ٨٥٣ کۆمپانیا هەن؛ ٣ هەزار و ٥٨١ کۆمپانیایان خۆماڵیین و ٢٩٧ کۆمپانیا بیانیین.
بەوەش لە کۆی گشتییدا، ٣٢ هەزار و ١٢٣ کۆمپانیا لە کوردستاندا هەن، ٢٨ هەزار و ٨٥٣ کۆمپانیا خۆماڵیین و ٣ هەزار و ٣٧٦ کۆمپانیا بیانیین.

کابینەى نۆیەم هەلی کارى بۆ ٥٨٢ کۆمپانیاى نوێ ڕەخساندووە
لەو چوار ساڵەی کابینەى نۆیەمدا، بەهۆى ئاسانکارییەکان، ٥٨٢ کۆمپانیا بە سەرمایەى ٦٣٥ هەزار دۆلار، مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە، کە ١٣ هەزار و ٤٥١ هەلی کاریان بە گشتی دابین کردووە.
بوارى کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە بریتین لە: خۆراک، بیناسازی، ڕستنوچنین، فلزییەکان، کیمیاوی، پلاستیکی، سلیلۆزی، مۆبیلیات، دووبارە بەکارهێنانەوە و خزمەتگوزاری.
ژمارەى کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگاى هەولێر لە کابینەى نۆیەمدا، ٤٩٠ کۆمپانیا بووە، کە بە سەرمایەى نزیکەى ١٧٤ هەزار دۆلار بەشدارییان کردووە.
ژمارەى کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگاى سلێمانی لەم کابینەیەدا، ٢١٣ کۆمپانیا بە سەرمایەى ٧٢٥ هەزار دۆلار بووە.
ژمارەى کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی پارێزگای دهۆک ٨٣ کۆمپانیا بە سەرمایەى نزیکەى ١٣٨ هەزار دۆلار بووە.

پڕۆژەى سایلۆکان، عەنبارى زیاتر و ئاسایشی باشتری خۆراک
تاکوو مانگی نیسانی ٢٠٢٣، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لە کۆی دامەزراندنی ئەو سایلۆیانەى لە مەخموور، هەولێر، قوشتەپە، پیرەمەگروون، ڕانیە، شارەزوور، چەمچەماڵ، کەلار، فایدە، شێخان، زاخۆ و بەردەڕەش دروستی کردوون، توانیویەتی ٥٨٥ هەزار تەن گەنم عەنبار بکات و پڕۆژەی هاوشێوەش بەردەوامیی هەیە. ئەمەش یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی بەرەوپێشبردنی ئاسایشی خۆراک و دانەوێڵە لە هەرێمی کوردستاندا.

کۆمەڵێک پرۆژەى نوێ لە ناو کارکردندان
هاوکات چەندین پڕۆژە لە کارکردندان، وەکوو دروستکردنی سایلۆى ٤٠ هەزار تەنی و ٥ کۆگاى مەوادی خۆراکی، لە بەردەڕەش، دروستکردنی کۆگاى مۆدێرن بۆ عەنبارکردنی برنجی پسوولەى خۆراکی مانگانەى هاووڵاتییان لە سایلۆی فایدە، دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەى پیشەسازیی تانجەڕۆ، دروستکردنی سایلۆ بە قەبارەى ٨٠ هەزار تەن لە سلێمانی و دروستکردنی ٨ کۆگا لە ناوچەى هوانە، گەیاندنی خزمەتگوزاریی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و داخستنی تێکەڵە بۆ بەشێک لە شەقامەکانی پیشەسازیی تانجەڕۆ، ئاوەڕۆی بۆکس بۆ کۆمەڵگەى گەنجینەکانی خواردن لە ناوچەى هوانە بە درێژاییی ٢٨٠م لە سلێمانی، دروستکردنی کۆمەڵگەیەک بۆ فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرێتیی گشتیی بازرگانیی سۆران، دروستکردنی ناوچەى پیشەسازی لە کەلار، دروستکردنی سایلۆی ٤٠ هەزار تەنی و ١٠ کۆگا لە هەڵەبجە.

کابینەى نۆیەم، بێوچان لە بوارى بازرگانی و وەبەرهێنان کار دەکات، لەو سۆنگەوەش ٢٥ پڕۆژەی دیکە پێشنیاز کراون و بەشێکیان پارەیان بۆ تەرخان کراوە تاکوو جێبەجێ بکرێن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری