وەزیری خوێندنی باڵا: لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەم سازشمان نەکرد و سەرکەوتین

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەم چوار ساڵی پڕ قەیران و سەختیان تێپەراندووە، بەڵام سازشیان نەکردووە و سەرکەوتوون.

د. ئارام محەممەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر گوتی: “ئەو رێوڕەسمە کە هاوکاتە لەگەڵ چوار ساڵەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئێمەوە وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا چوار ساڵی پڕ لە قەیران و سەخت بوو، زۆربوون ئەوانەی پێیانوا بوو نە کابینەی نۆیەم و نە وەزارەتی خوێندنی باڵا و هیچ سێکتەرێک ئەو قۆناغە بە سەرکەوتووی تێپەڕێنێت، بەڵام سەربەرز و روو سوورم کە ئەمڕۆ لە خزمەت ئێوە و رایگشتی وەستاوم و دەڵێم، نەک نەوکەوتین بەڵکو سەرکەوتین، نەک سازشمان نەکرد بەڵکو بە ئیرادەوە وەستاینەوە”.

وەزیری خوێندنی باڵا، گوتیشی: “لە چوار ساڵی رابردوودا نەک بارگرانیمان نەخستە سەر کەسوکاری خوێندکاران، بەڵکو خۆمان تەقبوولی ئەو بارگرانیەمان کرد، لە ئەنجومەنی وەزارەت %45ی کرێی خوێندنمان داشکاند بەرمەبنای سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆشبەختانە لە ساڵی یەکەم بە گشتی توانیمان بڕی 60 ملیار دینار بۆ کەسوکاری خوێندکاران بگێڕینەوە، لە ساڵی دووەمیش بڕەکە 63 ملیار دینار بووە، هەروەها ئەمساڵیش بەو پەڕی دڵخۆشییەوە دەڵێم 67 ملیار دینارمان بۆ کەسوکاری خوێندکاران گێڕاوەتەوە، لەم کابینەیە دەستمان بۆ زیادکردنی هیچ خزمەتگوزارییەکی وەزارەت نەبردووە، بەڵکو گەڕاندومانەتەوە، بۆیە دەڵێم ئەگەر ئیرادە هەبێت دەتوانین کاری باش بکەین”.

ئەو گوتانەی وەزیری خوێندنی باڵا لە چوارچێوەی رێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری کۆمپانیای هواوی بوو لە زانکۆی سەڵاحەدین، لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی لەوەشکرد: “بەهۆی ئەو دۆخەی لە ئەنجامی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە هاتبووە ئاراوە خەڵک پێی وابوو زانکۆکان پاشەکشە دەکەن، بەڵام بەپێچەوانەوە ئامارەکان پێمان ساڵ دوای ساڵ زانکۆکانمان بەرەو پێشەوە چوونە، بۆ نموونە دەتوانن سەیری زانکۆی سەڵاحەدین بکەن، جێگەی دڵخۆشییە کە زانکۆی سەڵاحەدین ئەو متمانەیەی وەرگرتووە لە کۆمپانیای هواوی کە دەبێتە سەنتەر لە هەموو عێراق بۆ کردنەوەی ئەکادیمیای هواوی”.

د. ئارام محەممەد، راشیگەیاند: “بەگوێرەی داتاکان دەرکەوتووە کە وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر رێگە راستەکەین، بەڵام هەرگیز نابێ لەسەر چەپکە گوڵی سەرکەوتنەکان خەومان لێبکەوێت و پێمان وابێت تەواو کۆتایی رێگاکەیە، وەکو وەزیری خوێندنی باڵا چیمان دوێت لە داهاتوودا بیکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرباری کارە ئەکادیمی و زانستییەکانی کارێکی دیکەشی هەیە، گەر بمانەوێت دەتوانین ببین بە ئامراز بۆ یەکڕیزی نیشتمانی، چونکە خوێندکار لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دێنە ناو ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، بۆیە مامۆستا و راگر و سەرۆک زانکۆکان دەتوانن ئەو روحیەتە دروست بکەن، چۆن لە رێگەی دادپەروەری و شەفافیەتەوە هاووڵاتییان زیاتر باوەڕیان بە دامودەزگاکانی خۆیان دەبێت”