هەڵمەتێک بۆ پاککردنەوەی نێو شاری هەولێر دەستیپێکرد

هەڵمەتێکی پاککردنەوەی نێو شاری هەولێر دەستیپێکرد و جێگری پارێزگاری هەولێریش داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هاوکاریان بن.

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر هەڵمەتێک بۆ پاککردنەوەی ناو شاری هەولێر دەستپێکرد، گوتیشی: ئەم هەڵمەتە پەیامێکە بۆ هاونیشتیمانیان و گەشتیاران، بۆئەوەی پاکوخاوێنی شار بپارێزن.

ئاماژەی بەوەشدا، جگە لەوەی زبڵ و خاشاکی ماڵان هەڵدەگیرێتەوە، گۆڕەپان و ئەو شوێنانەی لە گەڕەکەکان ئاوەدانییان لێ نییە پاکدەکرێنەوە.

هێمن قادر روونیشیکردەوە، بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر هەموو چوارشەممەیەک سنووری گەڕەکێکی هەولێر پاکدەرێتەوە.

هەر سەبارەت بەو هەڵمەتە، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەرچەندە پاککردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان ئەرکی حکومەتە، بەڵام راگەیاندنەکان و مامۆستایانی ئایینی و رێکخراوەکانی بواری ژینگەپارێزی، دەبێت لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی یارمەتی حکومەت بدەن، دەشڵێت: هاووڵاتییانیش دەبێت هاوکارمان بن لەوەی خۆڵ و خاشاکەکانیان لەو شوێنەنا دابنێن کە بۆمان دیاری کردوون.