بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق: سیاسەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وایکردووە جیهان لە هەولێر بن و بەجێی نەهێڵن

بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، رایدەگەیەنێت، کاتێک هەرێمی کوردستان دامەزرا هێزی دیبلۆماسی دایمەزراند نەک هێزی تفەنگ، هاوکات گووتیشی: سیاسیەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وایکردووە جیهان لە هەولێر بن و بەجێی نەهێڵن.

عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، سیاسیەتی سەرۆکوەزیران و پەیوەندییە فراوانە دیبلۆماسییەکانی وایکردووە جیهان لە هەولێر بن و هەولێر بە تەنیا بەجێ نەهێڵن.
هەروەها راشیگەیاند، کاتێک هەرێمی کوردستان دامەزرا هێزی دیبلۆماسی دایمەزراندند نەک هێزی چەک و تفەنگ.
لەبارەی کۆنگرەی بەغدا، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، گووتی: “لە مانگی 11 کۆنگەرەکە ئەنجامدەدرێت، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆککۆماری ئێران دەیانەوێت بەشداربن ئەگەر هەلومەرجەکەیان بەدڵ بوو، سەرۆکی زۆرینەی وڵاتە عەرەبییەکان بەشدار دەبن، زۆر گرنگە کورد بتوانێت بەشداری تێدا بکات چونکە بەشداریکردن واتا مامەڵەکردن لەگەڵ 25 سەرکردەی وڵاتی گرنگ”.
عادل باخەوان، ئاماژەی بەوەدا، “لەئێستادا چەقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی کەنداوە، چەند دیبلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەنداو بەهێز بێت ئەوەنەدە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت”.
گووتیشی: “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سعوودییە بینا دەکرێت، خاڵی لاوازی ئێمەش ئەوەیە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ سعوودییە نیە، کۆتا سەرکردەی کوردیش کە سەردانی سعوودییەی کرد، سەرۆک بارزانی بوو، دەبێت هەموو تواناکانمان بخەیەنەگەڕ بۆ ئەوەی نوێنەراتی هەرێمی کوردستان لە ریازی پایتەختی سعوودییە بکرێتەوە و بۆ ئەوەی لەوێدا بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوببینەوە”.