پانێڵێک لە بارەی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد پێشکەش دەکرێت

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

شاندێكی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە سەرۆكایەتی عبداللە حاجی محمود، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بە یاوەری بریكاری وەزارەت و ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت بەشداری دەکات لە شازدەیەمین كۆنفرانسی یەكێتیی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید (I.A.G.S )، كە دوێنی لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا دەستی بە کارەکانی کرد. تیایدا سەدان كەس لە توێژەران و یاساناسان و چالاكوانانی بواری جینۆساید بەشداردەبن و دەیان توێژینەوەی زانستی نوێی بواری جینۆساید پێشكەش دەكرێت.

ڕێکخراوی KGلۆبی سەنتەر، پانێڵێک لە بارەی کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە چوارچێوەی چەند توێژینەوەیەکی یاسایی و بەڵگەیی پێشکەش دەکات کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون بە هەماهەنگی لەگەڵ KG لۆبی سەنتەر بەمەبەستی پەسەندکردنی وەک بەشێک لە بڕیارنامەی یەکێتیی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆسایدIAGS ئامادەی کردووە.
ئامانج لە بەشداریکردن لەم کۆنفرانسەکە هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر ئاستی جیهان و بە نێودەوڵەتیکردنی ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دراون.
لەهەمانکاتدا دەرفەتێکی گرنگیشە بۆ سوود وەرگرتن لە زانایان و یاساناسانی جیهانی لە بواری کۆمەڵکوژی ( جینۆساید).