هیوا ئەفەندی: لە شەش مانگدا سەدان هەزار مووچەخۆر دەبنە خاوەن هەژماری بانکی

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حوکمڕانی گەیشتووینەتە قۆناغی جێبەجێکردن، دەشڵێت: پێشبینی دەکەم لە ماوەی شەش مانگدا بە سەدان هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان.

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: “گرنگترین شت کە لە کابینەی نۆیەم کراوە، ئەوەیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتی بە دیجیتاڵ کردنی حوکمڕانیە کە لە وشە و قسەکردن گواستراوەتەوە بۆ جێبەجێکردنێکی کردەیی، لەسەر بنەمایەکی زانستی و دروست، کە بە چەند ئاراستە و تراکێکدا دەڕوات ئاراستەی سەرەکی دانانی ستراتیژەکەیەتی، چونکە دەبێ لەسەر بنەمای زانستی دروست بنیات بنرێت، دواتر ئامادەکردنی ژێرخانی پێویست پاشان جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کە بەپێی ستراتیژ بەڕێوەدەچن”.

گوتیشی: “لە کابینەی نۆیەم توانیمان ژێرخانی تەکنیکی بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی دابین بکەین، ستراتیژی دیجیتاڵی کە لەماوەی رابردوودا لەلایەن سەرۆکوەزیران راگەیەندرا، پڕۆژەکانیشمان یەک لە دوای یەک جێبەجێ دەکرێن، وەکو ڤیزای ئەلیکترۆنی، سیستەمی کۆنترۆڵی خەرجییەکان، سیستەمی دەروازە سنوورییەکان، هەموویان یەک لە دوای یەک لەسەر بنەمایەکی زانستی رێکوپێک جێبەجێ دەکرێن”.

هیوا ئەفەندی، ئاماژەی بەوەشدا: “چەمکی وەرچەرخانی دیجیتاڵی بۆ یەکەم جار لە کابینەی نۆیەم خەڵک پێی ئاشنا بوون، چونکە پێش ئێستا نەبوو، گرنگی سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم بەلای منەوە راستییەکی شیرینە، دەبێ بۆ مێژوو ئەوە بگوترێت بەبێ سەرۆکایەتی و سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران ئەو کارە ناکرێت، چونکە وەرچەرخانی دیجیتاڵی لەناو حکومەت زۆر زەحمەتترە لە کۆمپانیایەک، چونکە لە حکومەت هەم خەڵک زۆر بەشدارە هەم بەرپرسەکانی ناو حکومەت، کە هەندێک جار رەنگە بەرپرسەکان لە حزبەکەی سەرۆکوەزیران نەبن، بۆیە قەناعەت پێهێنان بە خەڵک بۆ ئەوەی ئەو ئیشە بکەین قورسە، بەڵام ئێستا ئەو بابەتە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خراوەتە سەر رێگەیەکی دروست”.

راشیگەیاند: “ئەوەی کە کراوە لە بابەتی بە دیجیتاڵ کردنی حوکمڕانی زۆرە، بەڵام لێرەوە ئەو مژدەیەش بە هاووڵاتییان دەدەن کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران ئەوەی لە داهاتوو بۆ خەڵک دەکرێت زۆر زیاترە، چونکە ئیشە قورسەکە کراوە کە دانانی ژێر خانە و ستراتیژ هەیە، ئێمە لە قۆناغی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانین یەک لە دوای یەک، یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان کە سەرۆکوەزیران رایسپاردوین پڕۆژەیەکە بەناوی (پۆرتاڵی من) ئەو پۆرتاڵە شوێنێک دەبێت کە گشت ئەو خزمەتگوازیانەی ئێمە نوێیان دەکەینەوە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە دەخرێتە بەر دەستی هاووڵاتییان، ئەوکات لە جیاتی ئەوەی هاووڵاتی سەردانی دامودەزگاکانی حکومەت بکات، هەموو خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە هەموو شێواز و لە هەموو شوێنێک لەبەر دەست دەبێت”.

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، گوتی: “بۆ پرۆسەی بە دیجیتاڵ کردنی حکومەت، دیدگای سەرۆکی حکومەت هەموو شتێکە، پرۆسەیەکی دەبێ لەسەر بنەمایەکی دروست دەست پێبکات و لە داهاتوودا رەنگە سەدان پڕۆژەی لێبکەوێتەوە، سەرۆکی حکومەت لە پشت پرۆسەکەیە و بەبێ پشتیوانی سەرۆکی حکومەت فەرمانگەکەی ئێمە ناتوانێ هیچ بکات، چونکە دەبێ لەگەڵ هەموو دامەزراوەکان هەماهەنگی بکەین و هەموویان گوێڕایەڵی رێنماییەکانی دیجیتاڵی حکومەت بن، کەواتە سەرکردایەتی و پشتیوانی سەرۆکی حکومەت هەموو شتێکە، ئەمە بۆ هەموو حکومەتەکانی جیهان راستە، ئەوەی لە کابینەی نۆیەم کراوە ئاسانکارییە بۆ کابینەکانی دیکە، چونکە بنەمای پرۆسەکە دروست دانراوە”.

یەکێکی دیکە لە پرۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم دروستکردنی دۆمەینی کوردی (KRD)بوو کە لە جیهانی ئەلیکترۆنی نوێنەرایەتی کورد دەکات، لەو بارەوە هیوا ئەفەندی دەڵێ: “ئەو رێکخراوەی کە بەرپرسە لە هەموو دۆمەینەکانی جیهان ئەو دەرفەتەی رەخساند جگە لە دۆمەینەکانی تر کە هەبوون، دەتوانرێ دۆمەینی دیکەش بێنە کایەوە، ئەوە بوو فەرمانگەکەی ئێمە ئەو هەلەی قۆستەوە و بەناوی هەرێمی کوردستانی عێراق داواکاریمان پێشکەش کرد، دوای ماندبوونێکی زۆر جێبەجێمان کرد، رەنگە ئەو کات زۆر بە گرنگ نەزانرابێت، بەڵام ئێستا بووەتە بنەمای سەرەکی دیجیتاڵی حکومەت، هەروەها پێناسەی هەموو دامەزراوە بازرگانییەکانی کوردستانە”.

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، باسی لە پڕۆژەی (هەژماری من) کرد و گوتی: “پڕۆژەی هەژماری من لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ژێرخانی تەکنیکی و ئەو سۆفت وێرانەی پێویستە دابینی دەکات، پێشبینی دەکەم لە ماوەی شەش مانگدا بە سەدان هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان، ژمارەیەک لەسەر بنەمای ستانداری جیهانی دروست، ئەوکات ئامادەکردنی لیستی مووچە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت و پێدانی مووچەش دەبێتە ئەلیکترۆنی، دەمانەوێت لە ماوەی دوو ساڵدا هەموو مووچەخۆران کە ژمارەیان میلۆنێک و 200 هەزارە لەو رێگەیەوە مووچە وەربگرن”.