کارگێری ئەلیکترۆنی، حکومەتی ئەلیکترۆنی و حکومەتی هۆشمەند، سێ ئەڵقەی سەرەکی حکومەتی دیجیتاڵین و وڵاتانی پێشکەوتوو قۆناغ بە قۆناغ هەنگاویان بۆی ناوە، ئەمەش لە کارنامە و کارەکانی چوار ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەنگیداوەتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە دەستپێکی دەستبەکاربوونییەوە هەنگاوی باشی بڕیوە، کە یەکێک بووە لە هێڵە سەرەکییەکانی بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش دیدگایەکی سەرەکی تاوەکو ساڵی 2025 داڕشتووە، کە ئامانجییەتی تا کۆتایی ئەو ساڵە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە یەکێک لە حکومەتە دیجیتاڵییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو.
بۆ ئەو مەبەستەش بە پلانێکی ستراتیژی کاری لەسەر بنەماکانی حوکمڕانی دیجیتاڵی لە رووی ئەندازیاری و ژێرخان و تەکنەلۆژیای زانیارییەوە کاری لەسەر هێڵەگشتییەکانی ئەو پرۆسەیە کردووە، هاوکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانەش، ئامادەکاریکردووە لە راهێنان و ئامادەسازی ئەو سەرمایە مرۆییەی لە هەرێمدا هەیە و پاشانیش بۆ ئاسایش و پاراستنی داتا و زانیارییەکان، هەوڵی دەستەبەرکردنی سەرچاوەی کۆکردنەوەی زانیاریی توندوتۆڵ و سەردەمیانە داوە.
هەروەها یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دروستکردنی دۆمەینی KRD بوو، کە تەنیا دۆمەینی کوردییە نوێنەرایەتی گەلی کوردستان لە جیهانی ئەلیکترۆنیدا دەکات.
هاوهەنگاو لەگەڵ ئەوەشدا، دروستکردنی داتا سەنتەری ناوەندی حکومەت لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کە دەبێتە شوێنێکی ناوەندی بۆ کۆکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەکەیەکی گشتی و نزیکەی 400 خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت.
سەرەڕای ئەمانەش چەندین سیستمی دیکە لە کابینەی نۆیەم دروستکراون بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان کە دیارترینیان ئەمانەن:
– سیستمی زانیاری دانیشتووان
– سیستمی بەڕێوەبردن و پێدانی ڤیزا
– سیستمی بەڕێوەبردنی زانیاری دەستەبەر
– سیستمی بەڕێوەبردنی هاتن و چوون لە سنوورەکان
– سیستمی تۆماری نیشتمانی راگیراوان
– سیستمی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان
– سیستمی بەڕێوەبردنی خشتەی مووچە
– سیستمی فۆڕمی دیجیتاڵی
– سیستمی نوێکردنەوەی زانیاری
– سیستمی پشتڕاستکردنەوەی ناوەندی
– سیستمی سکاڵای هاووڵاتییان
– سیستمی بەڕێوەبردنی یەکە کارگێڕییەکان
– سیستمی یەکە ژمێریارییەکان
– سیستمی پاڵپشتییە خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان
– سیستمی زانیاری بایۆمەتری
– سیستمی ناسینەوەی شۆفێری تاکسی
جگە لەمانە چەندین سیستمی دیکە لە قۆناغی دروستکردندان و لە ماوەی داهاتوو دەچنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە وەک:
– پلاتفۆڕمی کۆکردنەوەی زانیاری پڕۆژەی هەژماری من
– ماڵپەڕی زانیاری پڕۆژەی هەژماری من
– سیستمی بەڕێوەبردنی نووسراوەکان
– سیستمی گەورە باجدەران
– سیستمی حەج و عومرە
– سیستمی کۆکردنەوەی زانیاری باجی زەوی و خانووبەرە
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گرنگیدان بە تەکنەلۆژیای مۆدێرنەوە دەیەوێت بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکان لە لایەن هاووڵاتییان ئاسان و خێرا بێت و پڕۆسەی کاغەزکاری نەهێڵێت، هەروەها کارایی دامەزراوەکان لە خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتیدا بەرزبکاتەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش، بەشێکی زۆری کاری وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی کراون و لە رێگەی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانەوە ئاسانکاری بۆ ئەو پرۆسەیە کراوە و پێداویستییەکان لەرووی تەکنەلۆجی و راهێنانەوە، بۆ ئەو کەسانەی لەو بوارەدا کاردەکەن رێکخراوە.
هەروەها چەندین سێکتەری گرنگ لە خزمەتگوزارییەکانی رۆژانە بە ئەلکیترۆنی کراون کە کارئاسانی زۆری بۆ هاووڵاتییان کردووە، لەونەش سیستمی دەرکردن و نێوکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و راییکردنی کاروبارەکانی فەرمانگە دادنووسییەکان و سیستەمی کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکانی حکومەت و سیستمی ڤیزای ئەلکیترۆنی سیستمی تۆماری بازرگانی و چەندین بواری دیکە.