كابینه‌ی نۆیه‌م بە گوژمەی زیاتر له‌ 12 ترلیۆن، سێ هەزار و 379 پرۆژەی گرنگی جێبەجێ کردووە

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، کاری زۆری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە بواره‌ جیاوازەکان کردووە ،كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی زیاتر بووژانەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان.

به‌ پێی داتا فه‌رمییه‌كان، له‌و ماوه‌یه‌دا حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان، بە گوژمەی 12 ترلیۆن و 40 ملیار و 667 ملیۆن دینار، سێ هەزار و 379 پرۆژەی گرنگی جێبەجێ کردووە.

ئه‌و پرۆژانه‌ش لە بواره‌كانی رێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، کشتوکاڵ، کارەبا، پەروەردە و خزمەتگوزارییە سەرتاییەکان، لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی پێویستی و له‌سه‌ر بنه‌مای زۆری ژماره‌ی دانیشتوان جێبەجێ کراون، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ جێبەجێکردنی پرۆژەکان و تەرخانکردنی پارە هیچ جیاوازییەکی لەنێوان شار و دەڤەرەکاندا كرابێت، به‌جۆرێك له‌ سنوورەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە دوو ملیۆن و 268 هەزار و 50 کەس، هەزار و 195 پرۆژەی جۆراوجۆر بە گوژمەی چوار ترلیۆن 234 ملیار و 685 ملیۆن دینار ئەنجامدراون.

هاوكات لە سنوورەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ، کە ژمارەی دانیشتووانیان دەگاتە سێ ملیۆن و 804 هەزار و 742 کەس، دوو هەزار و 184 پرۆژە بە گوژمەی حەوت ترلیۆن و 805 ملیار و 982 ملیۆن دینار ئەنجام دراوە.