ناوەندە نێودەوڵەتییەکان: عێراق خەمی جیددی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نەخواردووەناوەندە

زیاتر لە 100 ڕۆژ بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە ، هێشتا نە عێراق خەمی جیددی لە چۆنیەتی هەناردەکردنەوەی ئەو نەوتە خواردووە و تورکیاش مەرجیی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە، سەرەکیترینیان کشاندنەوەی بەشی دووەمی ئەو سکاڵایەیە کە عێراق لەسەر نەوتی کوردستان تۆماری کردووە .

حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: هەناردەی نەوتیی نێوخۆ بەرز دەکەنەوە بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بە زیادکردنی بەرهەم لە ناوچەکانی دیکە پڕ دەکەنەوە .
ئەو قسانەی عەبدولغەنی لە کاتێکدایە کە عێراق ئێستە ڕۆژانە عێراق نزیکەی سێ ملیۆن و پێنج سەد هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بەشێکی لە ناوخۆدا بەکاردێنێت، ڕاگرتنی هەناردەی چوار سەد هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان هەم کاریگەری لەسەر کۆی گشتیی بەرهەمی عێراق داناوە هەم لە سەر بەرهەمی عێراقیش بۆ بازاڕی دەرەوەی عێراق. پێش چەند ڕۆژێک وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد نزیکەی سەد بۆ سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆدا بەکار دێنن، بەکارهێنانی نەوتی کوردستان لە نێوخۆدا جگە لەوەی زیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت، زیانیشە بۆ خودی عێراق بە پێی گوتەی شارەزایانی نەوت ،چونکە بەشێکی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن ئامادە نین بەو مەرج و ڕێکارانە ڕازی بن کە عێراق بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت هەیەتی، بەتایبەت لە چۆنییەتی وردەکاریی جۆری گرێبەستەکە، گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەموویان جیاوازیان هەیە لەو گرێبەستانەی لە هەرێمی کوردستان واژۆ کراون .
لە نووسراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق هەفتەی ڕابردوو باس لەوە کرابوو وەزارەتى نەوت دەتوانێت ڕۆژانە لەنێوان سەد و بیست بۆ سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان وەربگرێت بۆ ئەوەى بە گوێرەى یاساى بودجەى گشتیی عێراق بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی بەکارى بهێنین.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت؛ بەڵام ڕێککەوتنێکیش هەیە کە لە چواری نیسانی ئەمساڵ ئیمزا کرا کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل لە ڕێگەی سۆمۆوە بێت و لە بەرامبەردا عێراق شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت .
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیار دۆلار زیان لە داهاتەکەی کەوتووە بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتەوە، عێراقیش خەمێکی ئەوتۆی نییە بۆ دەستپێکردنەوەی، تورکیاش مەرجی لەسەر عێراق هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی ئەو نەوتە. لەو نێوەندەدا ئەوەی زیانە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە، بەتایبەت لە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت، هۆکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە عێراق نەیتوانیوە تورکیا ڕازی بکات نەوتەکە هەناردەی دەست پێبکات و لە گفتوگۆدا لەگەڵ تورکیا لەسەر ئەو پرسە باری لارترە و نەیتوانیوە داواکانی تورکیا جێبەجێ بکات .
ماتیۆ میللەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڵوێستی ئەمریکای دووبارە کردەوە و ڕایگەیاند: هەڵوێستمان ڕوونە و پشتیوانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەین.
ئێستا عێراق خەریکی گرێبەستی کۆمپانیاکانی نەوتە، ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەروەها خەمی خەرجی بیرە نەوتەکان و چاککردنەوەش لەگەڵیدا، جارێ خەمی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نییە.
دوایین هەنگاوی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، داواکارییەكانی تایبەت بەهێلە گشتییەکانی پیشەسازی نەوت نەبووە وەکو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 4ی نیسان و پێداچوونەوەی هاوبەش بە گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیاکان، بەڵکو داوای وردەکاری ئەم پیشەسازییە و پێداچوونەوەی گرێبەستەکان بەتەنیا و تێچووی خەرجی بیرەکان بووە لە ڕابردوودا.
پێداچوونەوە بەتیچووی هەڵکۆڵین و چاککردنەوەو پەرەپێدانی بیرەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە بۆ ئەوەیە، كە ئایا کێڵگە نەوتییەکان هەرێمی کوردستان بە چ تێچوویەک نەوت بەرهەمدەهێنن، چونکە ئەگەر کۆی تێچووەکەی لە بەغداوە دابین بکرێت، بۆچی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان لە کێڵگەیەکی نەوتی بکرێت کە خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دوو هێندە و سێ هێندەی نێوەڕاست وباشووری عێراق بێت؟ لەکاتێکدا ئەوەش ڕاستییە کە پێكهاتەی جیولۆجی زۆر ئاڵۆزی هەیە و توانای یاخود یەدەگی زۆر زۆر کەمترە لە بیرێکی باشووری عێراق.