پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌

چواس خالید – هەولێر

له‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ جوتیاران به‌رده‌وامه‌ و بڕی وه‌رگیراوی گه‌نم تا ئێستا زیادتر له‌ چوار سه‌د و چل و پێنج هه‌زار تۆنه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر بڕیار بوو ته‌نیا بڕی سێ سه‌د و حه‌فتا و پێنج هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت.

٢٧ ی ئایاری ٢٠٢٣، پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران له‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد، پرۆسه‌کە ‌ له‌ سایلۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و بڕی وه‌رگیراوی گه‌نم تا ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی ٧ ی ته‌مووزی ٢٠٢٣، له‌ هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك، گه‌یشتووه‌ته‌ چوار سه‌د و چل و پێنج هه‌زار و شه‌ش سه‌د و هه‌شتا ته‌ن و دوو سه‌د و چل كیلۆ گرام.
به‌ پێی بڵاوكراوه‌ی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ پارێزگای دهۆك، بڕی سه‌د و سێزده‌ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و شه‌ش تۆن و دوو سه‌د و شه‌ست كیلۆ گرام وه‌رگیراوه‌، له‌ پارێزگای هه‌ولێریش بڕی سه‌د و چوارده‌ هه‌زار و حه‌وت سه‌د و دوو تۆن و سی و هه‌شت كیلۆ گرام وه‌رگیراوه‌، تا ئه‌و ماوه‌یه‌ش، بڕی دوو سه‌د و حه‌ڤده‌ هه‌زار و شه‌ش سه‌د و بیست و یه‌ك تۆن و شه‌ش سه‌د كیلۆگرام، له‌ پارێزگای سلێمانی وه‌رگیراوه‌.
حكوومه‌تی عێراق بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر تۆنێك گه‌نم له‌ جوتیاران، هه‌شت سه‌د و په‌نجا هه‌زار دیناری دیاری كردووه‌ و سه‌ره‌تا، چل ملیار دیناری خسته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان و دوای ڕاده‌ستكردنی گه‌نم به‌ سایلۆكان، شایسته‌ داراییه‌كه‌یان به‌ جوتیاران ده‌درێت.
پێشتر و بۆ ئه‌مساڵ، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراقی فیدڕاڵ بڕیاری دابوو، سێ سه‌د و حه‌فتا و پێنج هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت، كه‌ سه‌د و بیست هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ پارێزگای هه‌ولێر و سه‌د و سێزده‌ هه‌زار تۆن گه‌نمیش له‌ پارێزگای دهۆك وه‌ربگرێت، له‌ پارێزگای سلێمانیش سه‌د و چل و دوو هه‌زار تۆن گه‌نم وه‌رده‌گرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ به‌راورد به‌ پارێزگه‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، جیاكاری له‌ وه‌رگرتنی ڕێژه‌ی گه‌نمی جورتیارانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه‌ زیادتر له‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان گه‌نم له‌ كێڵگه‌كانی كوردستان هه‌بوو، به‌ هه‌وڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان زیاتر كرا.
ئه‌مساڵ به‌هۆی كه‌شوهه‌وا و زۆری بارانبارین له‌كاتی گونجاودا، چاوه‌ڕوان كرا به‌رهه‌می گه‌نم له‌ هه‌رێمی كوردستان زیادتر له‌ هێنده‌ و نیوی پار بێت، كه‌ به‌گوته‌ی محه‌مه‌د خه‌زاعی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراقی فیدڕاڵ، ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، چوار ملیۆن و نیو تۆن به‌ به‌راوردی پار زیاتره‌.
پار وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراق، سێ سه‌د و پێنج هه‌زار تۆن گه‌نمی له‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرت، كه‌ سه‌د و حه‌ڤده‌ هه‌زار و حه‌وت سه‌د و حه‌فتا و سێ تۆن له‌ پارێزگه‌ی هه‌ولێر و په‌نجا و دوو هه‌زار و سه‌د و نه‌وه‌ت و پێنج تۆن له‌ دهۆك و له‌ پارێزگه‌ی سلێمانیش سه‌د و سی و شه‌ش هه‌زار و پێنج سه‌د تۆن گه‌نم بوو، كه‌ بۆ ئه‌مساڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و گرفته‌ی بۆ جووتیاران، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدڕاڵی عێراق چاره كردووه‌.