ئەنجوومەنی باڵای فەتوا حوكمی ئاڵوگۆركردنی دراو له‌ رێگەی كارتی بانكییه‌وه‌ رووندەکاتەوە

دەقی فەتواکە:

قال تعالى: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} (سورة النحل: 43)

الحمد لله، والصلاة والسلام على سيدنا محمد رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه.          

وبعد:

دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین هاووڵاتی و نووسینگه‌كانی حه‌واڵه‌ پرسیاریان له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا كرد سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینه‌وه‌ی دراوی عێراقی به‌ دۆلار له‌ڕێگه‌ی كارتی بانكی وه‌ك ماسته‌ر كارت و ڤیزه‌ كارت و زین كاش و ئیف ئای بی و سویچ و ئه‌ی پی ئێچ  و هتد.. به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك له‌ نووسینگه‌كانی حه‌واڵه‌ یان بازرگانه‌كان چه‌ند كارتێك به‌ ناوی چه‌ند هاوڵاتییه‌ك دروست ده‌كه‌ن و ره‌صید به‌ دیناری عێراقی و نرخی فه‌رمی ده‌خه‌نه‌ ناو كارته‌كانه‌وه ‌و ده‌چن له‌ ئیمارات یان توركیا ئه‌و دیناره‌ ده‌گۆڕنه‌وه‌ی به‌ دۆلاری ئه‌مەریكی، به‌ نرخی حكومی پاشان دۆلاره‌كه‌ ده‌هێننه‌وه‌ بۆ كوردستان به ‌نرخی رۆژ له‌ بازاره‌كانی كوردستان ده‌یفرۆشنه‌وه‌، یاخود له‌و وڵاتانه‌ كه‌سێكی نوێنه‌ری خۆیان هه‌یه‌ له‌ ئه‌كاونته‌كه‌یانه‌وه‌ رصیده‌كه‌یان بۆ ده‌گۆڕنه‌وه‌و بۆیان ته‌حویل ده‌كه‌ن یان له‌و وڵاته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی رواڵه‌تی مۆبایل یان ئۆتۆمبیل یان هه‌ر كاڵایه‌كی دیكه‌ی پێ ده‌كڕن پاشان ئه‌و كاڵایانه‌ هه‌ر له‌وێ ده‌فرۆشنه‌وه‌ به‌ دۆلار پاشان دۆلاره‌كه‌ ده‌هێننه‌وه‌ بۆ كوردستان به‌ نرخی ڕۆژ ده‌یفرۆشنه‌وه‌ له‌ كاتێكا كڕینی ئه‌و كاڵایانه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی نییه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كه‌یاندا.

ئه‌نجومه‌نی باڵای فەتوا له‌ دانیشتنی ئاسایی خۆیدا له‌ به‌رواری 7/6/2023 دوای راوێژ كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی تایبه‌تمه‌ندی بازاڕ له‌م بابه‌ته‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌كانی فیقهی ئیسلامی و ڕه‌چاو كردنی مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت ئه‌م فه‌توایه‌ی خواره‌وه‌ی ڕاگه‌یاند:

دروستكردنی كارتی بانكی و ژماره‌ حیساب و پڕكردنه‌وه‌ی به‌ ره‌صید به‌ هه‌ر جۆره‌ دراوێك پاشان به‌كارهێنانه‌وه‌ و خاڵی كردنه‌وه‌ی له‌ناوخۆ یان له‌ هه‌ر وڵاتێك ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كه‌سی و له‌ لایه‌ن خاوه‌ن كارت و ژماره‌ حیسابیه‌كه‌وه‌ بوو و راسته‌وخۆ ئه‌نجام ده‌درا به‌ دراوێكی دیكه‌ و، له‌ ژێر مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی بانكی مه‌ركه‌زی وڵات و ئه‌و بانكه‌ ناڕیباییه‌دا بوو كه‌ ئه‌و كارته‌ یان ژماره‌ حیسابییه‌ی لێ كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ هیچ گرفتێكی شه‌رعی نییه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌ بانكییه‌كان به‌شێوه‌ی قاچاغ و نایاسایی ئه‌و كارت و ژماره‌ حیسابیانه‌ به‌كارهێندران و وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ئێستادا به‌ لێشاو ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ هه‌ندێك له‌ بازرگانه‌كان كردوویانه‌ به‌ پیشه‌یه‌كی به‌رده‌وامی خۆیان كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هاووڵاتییه‌ك رێكده‌كه‌ون و كارت و ژماره‌ی حیسابییان بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌و بانكانه‌ی كه‌ سه‌كۆی ژماره‌ییان هه‌یه‌ له‌ بانكی مه‌ركه‌زی عێراقی و له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ كارته‌كانی ئه‌وان به‌كار ده‌هێنن و له‌ كوردستان ئه‌و بڕه‌ی كه‌ حكومه‌ت رێگه‌ی پێداوه‌ پاره‌ داده‌نێن له‌ناویانداو له‌ وڵاتی ئیمارات یان توركیا ره‌صیده‌كه‌ی ناویان ده‌گۆڕنه‌وه‌ به‌ دۆلار به‌ نرخی فه‌رمی بانكی مه‌ركه‌زی یان به‌ شێوه‌یه‌كی رواڵه‌تی مۆبایل یان كاڵایه‌كی پێ ده‌كڕن پاشان ئه‌و كاڵایانه‌ هه‌ر له‌وێ ده‌فرۆشنه‌وه‌ به‌ دۆلار پاشان دۆلاره‌كه‌ ده‌هێننه‌وه‌ بۆ كوردستان به‌ نرخی ڕۆژ ده‌یفرۆشنه‌وه‌، ئه‌وه‌ كارێكی حه‌ڕامه‌.

چونكه‌ هه‌وڵدان بۆ فێڵ كردن له‌ ڕێكاره‌ بانكیه‌كان و یاسا و ڕێنمایییه‌كانی حكومه‌ت غه‌شكردنه‌ و دروست نییه‌، چونكه‌ موسڵمان پێویسته‌ پابه‌ند بێت به‌و مه‌رج و ڕێنماییانه‌وه‌ كه‌ داده‌نرێت بۆ گۆڕینه‌وه‌ی دۆلار به‌ دینار پێغه‌مبه‌ر – صلی الله علیه وسلم – ده‌فه‌رموێت: (المُسْلِمُونَ عَلَى شُرُوطِهِمْ، إِلاَّ شَرْطًا حَرَّمَ حَلاَلاً، أَوْ أَحَلَّ حَرَامًا) أخرجه البخاري معلقا وأخرجه الترمذي وقال هَذَا حَدِيثٌ حَسَنٌ صَحِيحٌ.

پاشان ئه‌و ڕێكارانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵكدایه‌ و سیاسه‌تی بانكی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دانراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكی پابه‌ندبن پێوه‌ی مادام پێچوانه‌ی شه‌رع نه‌بێت.

بۆیه‌ زانایان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر یاساو ڕێنماییه‌ك كه‌ لە لایەن‌ حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ ده‌ربچیت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی تیادا بێ و پێچه‌وانه‌ نه‌وه‌ستێت له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ شه‌رعیه‌كان، پابه‌ند بوون پێوه‌ی واجبه‌.

والله تعالی أعلم

وصلی الله علی سیدنا محمد وعلی آ‌له وأصحابه أجمعین.

ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توا

 21/ذو الحجة/ 1444ه = 9/7/2023ز = 18/پوشپه‌ڕ/2723