له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیله‌ ١٠ ڕۆژدا ٨ پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شكراون‌

چواس خالید – هەولێر

له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و داهاتی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، له‌ ماوه‌ی ده‌ ڕۆژی ڕابردوودا، هه‌شت پڕۆژه‌ی خزمه‌ت گوزاری له‌ هه‌ولێر و دهۆك و زاخۆ و سلێمانی پێشكه‌شی هاووڵاتیان كراون‌، پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکان به‌جۆرێكه‌، حه‌فتانه‌ زیاتر له‌ پێنج پڕۆژه‌ ده‌خرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی كوردستانه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕایده‌گه‌یه‌نێ، له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی داموده‌زگه‌كانی شاره‌وانی له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامێكی بیست مه‌تری له‌ ناحیه‌ی داره‌توو له‌ سنووری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك، كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئاسانكاری له‌ شارۆچكه‌كه‌.
گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دابینكراوه‌ و به‌سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌ ڕشتی كاری لێ ده‌كرێت.
هه‌ر له‌ دهۆك و له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامێكی سه‌ره‌كی بیست مه‌تری له‌ شاری دهۆك جێبه‌جێ كرا.
بڕی دیاریكراو له‌سه‌ر داهاتی په‌ره‌پێدانی پارێزگای دهۆكه‌ و له‌لایه‌ن تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆكەوە سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، شه‌قامه‌كه‌ به‌ درێژای هه‌زار و سه‌د و هه‌شتا مه‌تر و پانی بیست مه‌تر‌، له‌ كه‌رتی چل و پێنجی ماسكێ له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی دهۆك هه‌ڵكه‌وتووه‌.
له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌‌، ئێستا له‌ سنووری پارێزگای دهۆك، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دی، وه‌ك پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئه‌نده‌رپاس و ئۆڤه‌رپاس و پێچکردنەوەی ماڵتا، به‌گوژمه‌ی زیاتر له‌ سێزده‌ ملیار دینار، له‌ قۆناغی جێبه‌جێ كردندان.
هاوكات به‌ گوژمه‌ی سه‌د و حه‌فتا ملیۆن دینار، دروستکردنی شه‌قامێكی سی مه‌تری له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌سه‌ر داهاتی شاره‌وانی، شه‌قامێكی سی مه‌تری له‌ شاری هه‌ولێر دروست ده‌كرێت، كه‌ شه‌قامه‌كانی سی مه‌تری و شه‌ست مه‌تری و چوارده‌ شه‌قامی دی، به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌خرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیانی شاری هه‌ولێر.
ڕۆنانی ئه‌و شه‌قامه‌، سه‌د و حه‌فتا ملۆن دینار تێچووه‌كه‌یه‌تی و له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر دابینكراوه‌.
شه‌قامه‌كه‌ نزیكه‌ی هه‌شت سه‌د مه‌تر درێژه‌ و به‌ ته‌واوبوونی هاتوچۆی هه‌ولێر ده‌باته‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووتره‌وه‌، كه‌ شه‌قامه‌كانی ٣٠ مه‌تری و ٦٠ مه‌تری و و چوارده‌ شه‌قامی دیكه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
هاوكات به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ سێ سه‌د ملیۆن دینار، پڕۆژه‌یه‌كی قیرتاوكردن له‌ زاخۆ جێبه‌جێ كرا.
هەروا پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی شه‌قامه‌كان و ئاوه‌ڕۆی گه‌ڕه‌كی ئه‌یاز له‌ زاخۆ جێبه‌جێ كرا.
داهاتی ئه‌و پڕۆژه‌‌ سێ سه‌د و نۆ ملیۆن و چوار سه‌د و په‌نجا و نۆ هه‌زار دیناره‌، كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی زاخۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
لە سلێمانیش به‌مه‌به‌ستی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و پاراستنی شه‌قامه‌كانی شار، تیمه‌كانی شاره‌وانی، ژماره‌یه‌ك شه‌قامی ناو شاری سلێمانییان قیرتاو كرد.
له‌ لایه‌ن تیمه‌كانی قیرتاوكردنی شاره‌وانییه‌وه‌، قیرتاوكردنی شه‌قام له‌ بانكی كوردستان و چاككردنی شه‌قام له‌ گه‌ڕه‌كی به‌ختیاری و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی چه‌ند شه‌قامێكی دیكه‌ی ناو بازاڕی سلێمانی، جێبه‌جێكران.

هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا، به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتیان، تیمه‌كانی شاره‌وانی سێمێل، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی هه‌شت شه‌قامیان له‌ ناوەندی سێمێل جێبه‌جێ كرد.
گوژمه‌ی پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی هه‌شت شه‌قام له‌ سێمێل، له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی پارێزگه‌ی دهۆكه‌ و له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
جیا له‌وه‌، هه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی دی له‌ دێره‌لووك و سێجێ و گرده‌سێن جێبه‌جێ کران.
له‌ سنووری شاره‌وانی گرده‌سێن پڕۆژه‌ی دروستكردنی ژماره‌یه‌ك شه‌قام جێبه‌جێ كرا، كه‌ تا ئێستا ٢٠%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و له‌ سنووری شاره‌وانی دێره‌لووكیش، چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری كه‌وتنه‌ بواری جێبه‌جێ كردن، له‌ گوندی سێجێش، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی ژماره‌یه‌ك كۆڵان جێبه‌جێ كران.
له‌ هه‌ولێریش، تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، كار له‌ پڕۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامێكی دووساید له‌ نێو شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن.
پڕۆژه‌كه‌ له‌ چه‌ند بڕگه‌ پێكهاتووه‌، وه‌ك دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامی دووسایدی كۆنی كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ بنیاتنانی ئاوه‌ڕۆ، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان شه‌قامه‌كانی ١٠٠ مه‌تری و ١٢٠ مه‌تری.
مه‌ودای شه‌قامه‌كه‌ هه‌زار و شه‌ش سه‌د مه‌تره‌ و له‌سه‌ر بوودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگای هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت.