حکوومەتی عێراق سیاسەتی هەڵاواردن دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان هێشتا لە ژێر ستەمی فرە ڕەنگ و جۆراوجۆری ناوەنددایە و ئەو ستەمانەی لێی دەکرێن لە کەرت و بوار و سێکتەری جیاوازدا |ڕەنگ دەدەنەوە و بە ئاشکرا دەردەکەوێ حکوومەتەکانی عێراق بەوەی ئێستاشەوە، بەیەک چاو سەیری هەموو بەشەکانی عێراق ناکەن و لە هەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزهەبی و ڕەگەزی و تەنانەت ئابووری و کۆمەڵایەتی بەردەوامن و بە پلان کار بۆ پاشخستنی هەرێمی کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان دەکەن.

ئەگەر پرسە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر باس کرابن و عێراق توانیبێتی بۆ هەندێک ململانێی سیاسی پاساو بخاتە ڕوو، بەڵام بە ڕۆژی ڕووناک هەندێک ستەم لە هەرێمی کوردستان دەکرێن کە هیچ پاساوێک هەڵناگرن و هەموو کەس دەزانێت پێچەوانەی دەستوور و ئەو یاسایانەیە کە وەزارەتەکانی عێراق خۆیان کاری پێ دەکەن.
یەکێک لەو ستەمانەی کە ساڵانە لە دژی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی دژی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دووبارە دەبێتەوە، پرسی کڕینی دانەوێلە و گەنمە کە هەر ساڵە و بە شێوازێک ئەو ستەمە دەکرێت و لەوانەیە هەندێک لە کابینەکان بە هەندێک گۆڕانەوە هەڵوێستیان لە ئەوەی تر باشتر یان خراپتر بێت، بەڵام سەرجەمیان هەمان سیاسەتی هەڵاواردنی نەتەوەیی ستەم پەیڕەو دەکەن.
ئەمساڵ حکوومەتی عێراق بڕیاری دا زۆرترین گەنم لە جووتیاران وەربگرێت و لە دۆخێکدا کە جیهان تووشی تەنگژەی خۆراک بووە لە بەرهەمهێنانی گەنمدا زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت و حەوجێی دەرەوە نەبێت. وەک ئاشکرایە ساڵی رابردوو حکوومەتی عێراق بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا و کەمیی باران قەبارەیەکی زۆر کەم گەنمی هەڵگرتەوە و سایلۆکان توانیان نیوەی پێداویستی ناوخۆی عێراق بە گەنم کۆگا بکەن.
ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوو ملیۆن و نیو تۆن گەنم بەرهەم هات و حکوومەتی عێراق بە ناچار نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنمی تری لە دەرەوە هاوردە کرد بۆ ئەوەی ڕێگری لە گرانبوونی زیاتری ئارد بکات و بەسەر بریکارەکانی خۆراکدا دابەشی بکات.
ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی بارانی باش، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی دروێنە و وەرگرتنی دانەوێڵە پێشبینی کرابوو بەرهەمی گەنمی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دوو هێندە بەرز بکرێتەوە و ئەو پێشبینییەش بەدی هات.
بەپێی دواین ئاماری کۆمپانیای بازرگانی و دانەوێڵەی عێراق تا ئێستا نزیکەی پێنج ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و ئەم قەبارەیە لە گەنمی وەرگیراویش لە سەرووی پێداویستییەکانی ناوخۆیە و دەری دەخات عێراق و هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی گەنم بە خۆبژێویی گەیشتوون. قەبارەی بەهای ئەو گەنمە دەگاتە چوار سەد و بیست و پێنج ملیار دینار.
کێشەکە لەوەدایە پرسی گەنم کە پرسێکی سیادییە و بەگوێرەی دەستوور و یاسای بودجەش دەبێ لە تەواوی جووتیارانی عێراق بەوەی هەرێمی کوردستانەوە وەک یەک لەو ئیمتیازە سوودمەند بن کە عێراق دەیدات، کەچی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی ئەو مافە لە پلەکانی کۆتاییدان.
هەرێمی کوردستان دەمێکە لە بەرهەمهێنانی گەنمدا بە خۆبژێوی گەیشتووە و ئەو گەنمەی لە کوردستان بەرهەم دێت لە سەرووی پێداویستییە و دەکرێ ساڵانە بەشێک لە بۆشایی کورتهێنانی دانەوێڵەی عێراقی پێ پڕ بکرێتەوە بەڵام ساڵ هەبووە عێراق ئامادە بووە لە دەرەوە گەنمەکە هاوردە بکات، بەڵام ئامادە نەبووە گەنمی زیاتر لە جووتیارانی کوردستان وەربگرێت!
بڕیاری حکوومەتی عێراق لەمساڵدا ئەوە بوو سەرجەم گەنمی بەرهەمهێنراوی جووتیاران وەربگرێت ئەم بڕیارە لە پەیوەندی لەگەڵ جووتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بە تەواوی جێبەجێ کرا بەڵام لەوانەیە ئەمساڵ نیوەی ئەو بەرهەمە وەرگیرێت لە جووتیارانی کوردستان بەرهەمیان هێناوە ئەمەی کراویشە بەهۆی گوشار و ماندووبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بووە.
لە عێراق تا ئێستا سەرووی پێنج ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم هاتووە و کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق دەڵێت هێشتا بڕێکی زۆر گەنم ماوە وەرنەگیراوە و پێشبینی دەکەن قەبارەکە بگاتە پێنج ملیۆن و دووسەد هەزار تۆن.
لە هەرێمی کوردستان جووتیاران جگە لەوەی کە گەنمێکی کەمتریان لێ وەرگیراوە لە هەمان کاتدا جووتیار هەبووە بە نزیکەی مانگێکە لە نۆرەدا وەستاوە تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێت گەنمەکەی ڕادەست بکات، دەگوترێ سایلۆکان پڕ بوون و ناتوانن گەنمی تر وەربگرن.
لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی عێراق هیچ کێشەیەک چ لە سایلۆ و چ لە دابینکردنی پارە و گواستنەوە نییە بەڵام کە دەگاتە نۆرەی گەنمی هەرێمی کوردستان کێشەکان بەسەر یەکدا کەڵەکە دەبن و ئەمەش دەری دەخات پلانەکەی عێراق بۆ پاڵپشتیی جووتیاران زیاتر بۆ جووتیارانی خۆیەتی و لە ناچاریان بەشێک لەو مافە بە جووتیارانی کوردستان دەدات ئەگەرنا دەبوایە لانی کەم یەک ملیۆن تۆن گەنمی لە جووتیارانی کوردستان وەرگرتبا.
بەگشتی تا ئێستا چوار سەد و بیست هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کوردستان وەرگیراوە لە کاتێکدا بەرهەم دوو هێندەیە و ئەوپەڕی حکوومەتی عێراق هەشتا هەزار تۆنی تر وەردەگرێت و ئەوەی ماوە دەبێ جووتیاران خۆیان لە بازاڕ ساغی بکەنەوە.
لە ساڵانی ڕابردوو ستەمەکان زۆر زیاتر بوون و هێشتا جووتیارانی کورد ئەوەیان بیر نەچووەتەوە گەنمی ڕادەستکراوی ٢٠١٤ و ٢٠١٥یان دوای شەش تا حەوت ساڵ وەرگرت و هێشتا جووتیار هەیە نەیتوانیوە بە تەواوی مافەکانی وەربگرێت.
خاڵی مایەی دڵخۆشی ئەوەیە لە کوردستان کەرتی تایبەت گەشەی کردووە و کۆمەڵێک سایلۆ دامەزراون کە خۆیان گەنم لە جووتیاران دەکڕن و هەرچەندە نرخەکەی هەرزانترە بەڵام لەوە باشترە جووتیاران گەنمەکەیان لەدەستدا بمێنێتەوە و نەزانن چی لێ بکەن و لە کوێ ساغی بکەنەوە.