دوای ١٠٠ ڕۆژ لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا،هێشتا هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: عێراق کێشەی بۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە. دەشڵێ: بەردەوامیی ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم کورتھێنانی بودجە زیاتر دەکات، بەوەش زیانی گەورە بە ئابووری عێراق دەکەوێت.

بەگوێرەی ڕەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، لەو بڕە، چوار سەد ھەزار بەرمیل لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەھای بەرمیلێک نەوتیش بە حەفتا دۆلار خەمڵێندراوە.
ھەر چەندە ڕۆژی ٢٥ـی مانگی ئاداری ٢٠٢٣، ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک بەھۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕاگیرا، بەڵام ڕۆژی ٤-٤-٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە بەغدا ڕێککەوتنێک ئیمزا کرا کە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بەڵام دوای زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ ھێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ٩٠% داھاتی عێراق لەسەر نەوتە، ئەگەر ھاتوو ھەر کێشە و گرفتێک دروست بێت لە بەرھەمھێنانی نەوت یا لە نرخی نەوت ئەوە کێشە بۆ ئابووری عێراق دروست دەبێت و ئابووری ئەو وڵاتە وێران دەبێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: عێراق توانای بەرھەمھێنانی نەوتی کەمە و وەکو پێویست نییە، ناتوانێت لەوە زیاتر بەرھەم بھێنێت، ئەوەی دیکە فرۆشتنی نەوتە، کە ئێستە عێراق کێشەی بۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە، چونکە ئەوە عێراقە وای کردووە کە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا نەفرۆشرێت، ئەوەش زیانێکی زۆری بە عێراق گەیاندووە، ئەگەر چارەیەکی بە پەلە نەدۆزرێتەوە بۆ ڕەوانەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، عێراق لە ئێستە زیاتر زیانی بەر دەکەوێت.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: جێگری کۆمپانیای سۆمۆ بۆ کورد مافی ھەرێمی کوردستانە، جگە لەوەی چەندین پۆستی دیکە ھەن لەناو سۆمۆ وەکو بەرپرسی فرۆشتنی نەوت لە ئەوروپا، بەرپرسی فرۆشتنی نەوت لە ئاسیا دەبێت ھەموو ئەو پۆستانە بەپێی ڕێککەوتنی پێکھاتەکانی عێراق دابەش بکرێن.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، زیاتر دەڵێ: بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کراوە ھیچ پەیوەندیمان بە فرۆشتنی نەوتەوە نییە؛ نەوتی دەرھاتوو، ڕادەستی سۆمۆ دەکەین، بەڵام تا ئێستە ڕادەست نەکراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە پێویستمان بە ڕێنماییە، ئەگەر نەوتی ھەرێم ھەناردەی دەرەوە نەکرا بۆ ناوخۆ بەکاردەھێنرێت، ڕێژەکە چەند دەبێت، ئەوە پێویستی بە داتایەکی تەواو ھەیە.