پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
عێرای دوای ساڵی ٢٠٠٣ جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر قەیران و گرفتی قووڵی نەبوو، دوای نووسینەوەی دەستوور و دامەزراندنەوەی یەکەمین حکوومەت لە عێراقی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ڕادەیەک سەقامگیریی سیاسیی و ئابوری باڵی بەسەردا کێشابوو، بەڵام ئەوە زۆری نەخایاند و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ یەکەمین گێچەڵی سیاسیی ڕووبەڕووی هەرێم کرایەوە کە ئەوکات نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
هەڵگیرسانی ئاگرەکە
لە ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢ جارێکی دیکە نییەتێک دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە هەستی پێکرا، ئەوە یەکەمین جار بوو دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەرێمی کوردستان هەست بەوە بکاتەوە، جارێکی دیکە خەریکە هەڕەشە لە خۆیی و ئەزموونەکەی دەکر؛ت. بەڵام ئەمە سەرەتای هەڵگیرسانی ئاگرێک بوو کە تا ئەمڕۆش نەکوژاوەتەوە و بڵێسەکەی جەستەی هەموو عێراق دەسووتێنێت، ئەویش دروست کردنی هێزی دیجلە بوو، کە جار جار بە مەبەست وەک هەڕەشە دژی پێشمەرگە و خاکی کوردستان بەکار دەهێنرا، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستەکە دەستبردن بوو بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئەویش لە ڕێگای بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانەوە لە ئەگەری تەسلیم نەبوونی بە داخوازییەکانی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق.
لە ساڵی ٢٠١٣ مەبەستەکەی بەغدا بەڕوونی گەیشت و هەنگاوی کردەیی دژی هەرێمی کوردستان ، بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم و پێشێل کردنی دەستوور و لەکار خستنی هەموو ئەو بڕگە دەستورییانەی کە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا بوون، دەستی پێکرد.
عێراقی دوای ساڵی ٢٠١٣
دوای گرتنەبەری ئەو هەنگاوانە کە دژی دەستوور و مافەکانی هەرێمی کوردستان بوون، چیتر عێراق نەیتوانی پارێزگاری لەو سەقامگیرییەی خۆی بکات کە پێشتر هەیبوو، یەکەم کاریگەریی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ دەرکەوت لەگەڵ هاتنی داعش و نەبوونی هێزێکی ئامادەکراو بۆ بەرگری لەو هەڕەشە گەورە و ترسناکە ، بەڵکوو حکوومەتی عێراق لە گەرمەی چاو سوورکردنەوە و هەڕەشەی سەربازی بوو بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە. تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق زیانێکی ستراتیجیی گەورەی بە عێراق گەیاند و بۆ ساڵانێک چەندین شار و پارێزگای گەورەی لەژێر ڕەحمەتی تیرۆرستانی داعشدا بوو. چاودێرانی سیاسی لەو کاتەدا، یەکەمین هۆی لاوازی حکوومەتەکەی مالکی و هێزە سەربازییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە، حکوومەتی عێراق لەبری ئەوەی لە هەوڵی بەرگرتن بە مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە بێت کە ئەوکات لە سوریا لەوپەڕی بە هێزیدابوو، کەچی خەریکی هەڕەشە و ململانێ بوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی و پچڕانی هەماهەنگی سەربازی بوو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کە ئەوە بە سوودی چەکدارانی داعش شکایەوە.
عێراقی دوای داعش
دوای تێپەڕاندنی مەترسییەکانی داعش، هەموولایەک چاوەڕێی ئەوە بوون حکوومەتی عێراق، دان بە هەڵەی خۆیدابنێت و ڕێگە دروستەکە هەڵبژێرێت بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم و گەڕانەوە بۆ دەستوور، چونکە هێزەکانی پێشمەرگە بێجیاوازیی لە نێوان خاکی کوردستان و عێراق، لە سەرجەم میحوەرەکانی جەنگ ڕۆڵی خۆیان گێڕا و بوونە هۆی ڕزگارکردنی مووسڵ کە ماوەیەکی زۆر لە بن دەستەڵلاتی چەکدارانی داعشدا بوو. کەچی لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی دۆخی ئەمنی عێراق، حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی جارێکی دیکە بەختی خۆی بە شەڕی هەرێمی کوردستان تاقیی کردەوە و سەرئەنجام بووە هۆکاری ئەوەی عێراق لەڕووی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابوری بگەڕێتەوە خاڵی سفر. دواجار حکوومەتی عێراق درکی بەوە کرد هەرێمی کوردستان سەنگ و قورسایی لەسەر ئاستی ناوچەکە بەڕادەیەکە ناکرێت نادیدە بگیرێت لێرەوە لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتەکانی دیکە سیاسەتێکی نوێی گرتەبەر کە تا ئەمڕۆش پیادەی دەکات، ئەویش کەڵەکە کردنی ڕێککەوتنەکانە بێ ئەوەی جێبەجێیان بکات.
ڕێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا
پاش حکوومەتەکەی عەبادی، عێراق سێ کابینەی دیکەی حوکمداری بینیووە، ئەمەی دواییان کە محەمەد شییاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات. هەرێمی کوردستان لە ئەولەوییەتی کارەکانی ڕێککەوتنی لەگەڵ عێراق هەڵبژارد و بە چەندین شاندی جیاواز سەردانی بەغدای دەکرد و سەرجەم ئەو مەلەفانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا کەڵەکە بوون خرانە بەر باس و ڕێککەوتنیان لە بارەوە کرا، ڕێککەوتنەکانیش، بە ئاگاداری وڵاتان بووە و دیارترینیان ڕێککەوتنی شنگال و ڕێککەوتنی دۆسیەی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێم بوو، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆجێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتننامانە نەناوە. لەلایەکی دیکەوە، زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات. بە بڕوای چاودێرێکی سیاسی، ئەو سیاسەتەی حکوومەتی عێراق کە ئێستا پیادەی دەکات زۆر ترسانکترە لەوەی لە پێشوودا دەیکرد. بە گوتەی ئەو چاودێرە، عێراق دوو پۆزشی بۆ ئەو سیاسەتە نوێیەی هەیە، یان ئەوەیە بەمشیوەیەی ئێستا حکوومەتی عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات بێدروست بوونی ناکۆکی زیان لە قەوارەی هەرێم بدات، بە شیوەیەکی هەست پێ نەکراو دەیەوێت ئەوەی لە ڕابردوودا بە زمانی هەڕەشە و ستەم پێی نەکراوە ئێستا بیکات، یان ئەوەتە حکوومەتی عێراق حکوومەتێکی خاوەن بڕیار نییە و لە دەرەوەی عێراقەوە یاری بە چارەنوسی ڕێککەوتنەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێت.