کەمال موسلیم: داوامان کردووە کۆمپانیای ناوخۆ ١٠٠ ھەزار تۆن گەنم لە جووتیاران بکڕن

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی گوتی: داوامان کردووە سەت ھەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ناوخۆ بکڕدرێتەوە و بۆ ھەر تۆنێکیش ٧٠٠ ھەزار دینار دیاری کراوە، ئەمەیش وەک پاڵپشتی بۆ بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان.


کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەدەر لەو ڕێژە گەنمەی بەغدا لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی وەر دەگرێت، داوامان کردووە دوو کۆمپانیای ناوخۆی ھەرێمیش بەرھەمی جووتیاران وەربگرن، لیژنەیەک پێکھێندراوە و داوامان کردووە بەنرخێکی گونجاو گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بکڕێتەوە.

کەمال موسلیم گوتیشی: ئەو بڕەی گەنمەی داوامان کردووە لە جووتیاران وەر بگیرێت ١٠٠ ھەزار تۆنە، بۆ ھەر تۆنێکیش ٧٠٠ ھەزار دینارمان دیار کردووە، واتە تۆنی گەنم بە ٧٠٠ ھەزار دینار لە جووتیاران وەربگیرێت، ئەمەیش وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، چونکە جگە لەو ڕێژە گەنمەی لە سایلۆکانەوە لەلایەن “و.بازرگانی عێراق”ەوە وەردەگیرێت، هێشتا گەنمێکی زۆر لای جووتیاران ماوە.