ئەمساڵ مۆڵەت بە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە

بەرپرسێکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان گوتی، ئەمساڵ مۆڵەت بە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان دراوە و بڕیارە بە پلانێکی تایبەت مۆڵەت بە پڕۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون بدرێت.

د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری مۆڵەتدان لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “ئەمساڵ تا کۆتایی حەفتەی رابردوو دەستەی گشتی وەبەرھێنان مۆڵەتی بە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرھێنان داوە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لەو ژمارەیەش ھەشت مۆڵەت بۆ پڕۆژەکانی کەرتی پیشەسازی بووە و ئەوی دیکەش بۆ کەرتەکانی دیکەی وەبەرھێنان”.

بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەتدان گوتیشی: “سەرمایەی ئەو ٣٠ پڕۆژەیەی ئەمساڵ مۆڵەتیان پێدراوە لەلایەن دەستەی گشتی وەبەرھێنان ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکیە”.

لەبارەی پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، د. ھەڤاڵ سدیق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “ھێشتا دەست بە پێدانی مۆڵەت نەکراوە بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ئەوانە لەمەودوا بە پلانێکی تایبەت مۆڵەتیان پێدەدرێت لەلایەن دەستەی گشتی وەبەرھێنان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی پەیوەست بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون”.