پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 8ی تەمموزی 2023 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد و تێیدا سوپاسی رۆڵ و ماندووبوونی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی كرد و دەستخۆشی لێ كردن كە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا كارەكانی خۆیان بە باشی بەجێگەیاندووە و پابەندی ئەركەكانیان بوونە.
سەرۆک بارزانی داواشی كرد بەردەوام بن لە ڕۆڵی خۆیان لە بوارە جیاجیاكان و خزمەتی كوردستان و پارتی بكەن.
لە راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، سەرۆك بارزانی جەختیی لەوە كردەوە كە پارتی ئومێدی سەرەكیی خەڵكی كوردستانە و پێویستە پارتی پارێزەری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و فەرهەنگ و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردستانی بێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بە بارودۆخی سیاسیی كوردستان و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دا و پەیوەست بەم تەوەرانە، بەرچاوڕوونی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.