هەولێر و ناشڤیل بە فەرمی بوونە دەستەخوشک

هەردوو شاری هەولێر و ناشڤیل بە فەرمی بوونە دەستەخوشک و بڕیارەکەش بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانی شارە ئەمەریکییەکەوە پەسەند کرا. 

رۆژی (7ـی تەمموزی 2023)، بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا راگەیاند، ئەنجوومەنی شارەوانی ناشڤیل بە زۆرینەی دەنگ شاری هەولێری وەک دەستەخوشکی شارەکەیان پەسەندکرد.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو، شاندێکی شارەوانی ناشڤیل سەردانی شاری هەولێریان کرد و چەندین دیدار و بەسەرکردنەوەیان بۆ شوێنە جیاوازەکانی هەولێر ئەنجامدا.

هاوکات جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤیل، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، رایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ هەولێر دروستبکەین و چاومان لەوەیە لە بواری کولتووری، رۆشنبیری و بازرگانی، هەماهەنگی زیاتر دروستبکەین.

هەروەها راشیگەیاند، 25هەزار کورد لە ناشڤیل دەژین و ئاماژەی بەوەکرد، ناشڤێل چیرۆکی پێکەوەژیانە، وەک ئەو پێکەوەژیانەی  کە لە کوردستاندا هەیە و زیاتر گوتی، “کورد هاوبەشێکی زۆر باشن بۆ ئێمە”.