د. زێدا محەمەد: لە ھەوڵداین بۆ زیادکردنی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران

بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرایکرد، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کۆتایی دێت و دەشڵێ، لە ھەوڵداین رێژەی وەرگرتنی گەنم زیاد بکرێت و وادەی وەرگرتنیش درێژ بکرێتەوە.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامی ھەیە و ڕۆژی ١٠ی مانگ لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستانیش ڕۆژی ١٢ی مانگ کۆتایی بە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دێت، بەپێی ئەو رێژەیەی دیاریکراوە ٥٠٠ تۆن بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەردەگیرێت و تا کۆتا ڕۆژ رێژەی وەرگرتن دەگاتە ئەو ئاستە”.

بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: “ئەمساڵ لە بازاڕەکانی جیھان نرخی گەنم ھەرزانتربوو، بەڵام حکوومەتی عێراق بە نرخی پالپشتیکراو گەنم لە جووتیاران دەکڕێتەوە و بۆ ھەر تۆنێک گەنم ٨٥٠ ھەزار دینار بە جووتیاران دەدات”.

د. زێدا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “ئێمە لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێم زیاد بکرێت لەو رێژەیەی دیاریکراوە و وادەی رادەستکردنی گەمنیش درێژ بکرێتەوە ئەوەش بۆ بەرژەوەندی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانە، چونکە گەنمی بەرھەم ھاتوو لەو رێژەیە زۆر زیاترە کە وەردەگیرێت”.