دەقی گوتەكانی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له ‌میانی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی خه‌ڵك

ده‌قی گوته‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی:

به‌ڕێزان زۆر زۆر به‌خێربێن، خۆشحاڵم، كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ خزمه‌ت ئێوه‌ی خۆشه‌ویست گه‌یشتم، ده‌زانم له‌ ناوچه‌ی جیای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هاتوون، ئه‌وانه‌ی له‌ دووره‌ هاتوون زۆر زۆر به‌خێربێن، ئه‌وانه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ش هاتوون دیسان به‌خێربێن، خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ هه‌یه‌ كه‌ نزیكه‌وه‌ گفتوگۆیه‌ك له‌سه‌ر ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ی رابردووی حوكمڕانی له‌هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین و ئه‌گه‌ر پرسیاریشتان هه‌یه‌، من ئاماده‌م، زۆر به‌ راشكاوی وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانتان بده‌مه‌وه‌.

پێشه‌كی ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ باس بكه‌م كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌م ئومێدێكی زۆرمان هه‌بوو كه‌ به‌ سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی ریفۆرم بتوانین كاری زۆر باش بكه‌ین و ئه‌و شته‌ باشانه‌ی كه‌ كراون، درێژه‌یان پێبده‌ین، ئه‌و شتانه‌ی كه‌ كه‌م و كوڕییان هه‌یه‌ یان پێویستیان به‌كاری زیاتر هه‌یه‌، بتوانین باشترییان بكه‌ین.

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستمكرد له‌ زۆر سێكته‌ر و بواری حوكمڕانیدا زۆر شت هه‌یه‌ كه‌ به‌جدی كه‌م و كوڕیان هه‌یه‌، نه‌ك ته‌نیا ریفۆرم به‌شی ئه‌وه‌ ناكات، به‌ڵكو له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌بوایه‌ زۆر شت دروست بكه‌ین، بۆ نموونه‌ من ئومێدێكی زۆرم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سیسته‌می به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن و به‌ دیجیتاڵكردنی شێوازی حوكمڕانی دروست بكه‌ین، كارئاسانییه‌كی زۆر ده‌كات، هه‌م بۆ حكومه‌ت، هه‌میش بۆ هاووڵاتی.

به‌ڵام له‌ زۆر شوێن ئه‌و داتابه‌یسه‌ هه‌ر بوونی نه‌بوو و له‌ زۆر له‌ سێكته‌ره‌كانی حوكمڕانی داتابه‌یس هه‌ر وجودی نه‌بوو، بۆیه‌ من تیمی تایبه‌تم ده‌ستنیشانكرد، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان كاربكه‌ن، تاكو ئه‌و داتابه‌یسه‌ دروست بكرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌ت پێبێت و بزانی چی كراوه‌ و پێویستمان به‌ چی هه‌یه‌، ده‌توانین ئه‌وكاته‌ بڕیاری دروست بده‌ین.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌وڵێكی زۆرماندا شێوازی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردن، به‌تایبه‌تی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ هاووڵاتیان پێویستی سه‌ره‌كیان پێیه‌تی، ده‌ستپێبكه‌ین، تاكو بتوانین به‌رچاوڕوونییه‌كی زیاترمان هه‌بێت، كاتیش گرنگه‌، هه‌م بۆ حكومه‌ت و هه‌میش بۆ هاووڵاتی، كه پێویسته‌‌ كات به‌ فیڕۆ نه‌ده‌ین.

له‌ زۆر شت سه‌ركه‌وتنی باشمان به‌ده‌ستهێنا، شتی باشیش كرا، به‌ڵام هه‌مووتانیش ده‌زانن ئێمه‌ زۆر چانسمان نه‌بوو، كه‌ په‌تای كۆرۆنا له‌سه‌ره‌تای كابینه‌وه‌ زۆر به‌ فراوانی بڵاوبووه‌وه‌، بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ نه‌مانتوانی وه‌كو پێویست كاره‌كان راپه‌ڕێنین و جووڵه‌ی بازرگانی وه‌ستا، نرخی نه‌وت دابه‌زی، ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاریگه‌ری نه‌رێنیی له‌سه‌ر پێشخستنی ئابووری ولاته‌كه‌مان دروستكرد، له‌هه‌مانكاتدا چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ش هه‌بوون ئێمه‌ رووبه‌روویان بووینه‌وه‌، ئه‌م قه‌یرانانه‌ هه‌موو كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر بژێوی ژیانی خه‌ڵكیش دروستكرد.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام بووین بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌كان ببینه‌وه‌، بتوانین چاره‌سه‌ری گونجاو له‌كاتی گونجاودا بدۆزینه‌وه‌.

من لێره‌وه‌ جێی خۆیه‌تی سوپاسێكی بێ پایانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، كه‌ به‌ راستی زۆر زۆر پاڵپشت و هاوكار بوون له‌وه‌ كه‌ ئارامیان كێشا، له‌گه‌ڵمان وه‌ستان، بڕوایان پێمان بوو، حكومه‌تیان به‌ هی خۆیان زانی، ئێمه‌یان به‌ خزمه‌تكاری خۆیان قبووڵكرد، ئه‌مه‌ جێی شانازییه‌ بۆ من كه‌ بتوانین جێی متمانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بین، له‌هه‌موو ده‌ڤه‌ر و شارو شارۆچكه‌كان، ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وته‌ بۆهه‌ر حكومه‌تێك كه‌ هاووڵاتی ئه‌و متمانه‌یه‌ی به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی هه‌بێت.

لێره‌دا ده‌زانم كه‌ كه‌موكوڕی زۆر هه‌بووه‌، به‌ڵام زۆر له‌و شتانه‌ خه‌تای ئێمه‌ نه‌بووه‌، هه‌ندێ له‌و قه‌یرانانه‌ دروستكراون، به‌شێكی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی، یاخوود بڵێم ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانییان لێدرا یان هه‌ستیان به‌ مه‌ترسی ده‌كرد، كه‌وتنه‌ جوڵه‌ و دژایه‌تیكردنی ئه‌م حكومه‌ته‌، به‌شێكی دیكه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی زۆریاندا بۆ ئه‌وه‌ی فشاری ئابووری و یاسایی و ئه‌منی بۆ ئه‌م حكومه‌ته‌ بهێنن، تاكو نه‌توانین له‌ ئه‌ركه‌كانمان سه‌ركه‌وتوو بین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌خوا به‌زیادبێ به‌هه‌وڵ و هێزی خوا و پشتیوانی هه‌مووتان ئێمه‌ توانیمان سه‌ربكه‌وین به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یران و ئاسته‌نگانه‌، ئێسته‌ش‌ له‌ قۆناغێكین كه‌ من ده‌توانم پێتان بڵێم كه‌ زۆر له‌و قه‌یرانانه‌ تێپه‌ڕیوون، به‌ڵام هێشتاش ماوه‌ كه‌ ئێمه‌ بتوانین به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ روبه‌ڕووی ئه‌و كێشانه‌ی داهاتووش ببینه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بابه‌تی بژێوی خه‌ڵك و بابه‌تی خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ هاووڵاتیان، له‌ زۆر سێكته‌ره‌كان پێشكه‌وتنی باش هه‌بووه‌‌ و هاوكاری باشی ئه‌و سیكته‌ره‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ كراوه‌، تاكو بتوانین له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ ئازاری خه‌ڵك تێبگه‌ن و بتوانن ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ تا ئاستی گوند و دێی و شاروشارۆچكه‌كان ببه‌ین.

بابه‌تی مووچه‌ بابه‌تێكی سه‌ره‌كی بووه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرجار ده‌بینین، له‌وانه‌یه‌ قسه‌ی ناحه‌زانیش كه‌ ده‌ڵێن مووچه‌ نه‌دراوه‌، به‌ڵام من ده‌توانم به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڵێم له‌م كابینه‌یه‌ هه‌موو مووچه‌كان دراون، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێجار تۆزێك دواكه‌وتووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو قه‌یران و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ بۆ كابینه‌كه‌شمان دروستكرا، توانیمان مووچه‌كان بده‌ین به‌ هاووڵاتییان و سوپاسی هاووڵاتییانیش ده‌كه‌م كه‌ زۆرجار پشوویان درێژبووه‌، ته‌حه‌موولییانكردووه‌.

به‌رده‌وام ده‌بین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵیش له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی كه‌ تاكو ئێستا ناكۆكین و یاخوود نه‌مانتوانیووه‌ چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه‌، به‌لام به‌رده‌وام ده‌بین.

نیه‌تی هه‌رێم نیه‌تێكی پاك بووه‌، هه‌مووتان بینیووتانه‌ یاخوود بیستوتانه‌ كه‌ ئێمه‌ تا چه‌ند نه‌رمیمان نوواندووه‌، هه‌وڵی ئه‌وه‌مانداوه‌ كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌ڵام شتێك كه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ داكۆكی لێده‌كه‌ین، ئه‌ویش پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌، نه‌ بۆمن و نه‌ بۆهیچ كه‌سێكی دیكه‌ گونجاو نییه‌ له‌جیاتی خه‌ڵكی كوردستان بڕیاری ئه‌وه‌ بدات كه‌ واز له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێنین، ئه‌وه‌ مافی ئێوه‌یه‌ كه‌س حه‌قی ئه‌وه‌ی نییه‌ واز له‌ مافه‌كانی ئێوه‌ بێنێت.

به‌ردوام ده‌بین له‌ داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی ئێوه‌، به‌ڵام له‌رێگه‌ی گونجاو ده‌گه‌ڕێین، كه‌ ئێمه‌ به‌چ شێوازێك بتوانیین به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ چاره‌سه‌ربكه‌ین، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه‌ مافه‌كانمان تێیدا دیاریكراوه‌.

من دڵنیام كه‌ ئێوه‌ پرسیارتان زۆره‌، له‌وانه‌یه‌ قسه‌ش زۆر بێ ، به‌ڵام من لێره‌ ده‌وه‌ستم رێگه‌ ده‌ده‌م كه‌ ئێوه‌ كه‌ستان پرسیارتان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ئێوه‌ بده‌مه‌وه‌.

جارێكی دیكه‌ سوپاس بۆ هاتنتان

ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م