شاندێکی پارێزگای هەولێر لەگەڵ سندووقی سعوودی بۆ گەشەپێدان کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە سنووری پارێزگاری هەولێر بووە. هاوکات شاندی سندووقی سعوودی لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە بانگهێشتی هەرێمی کوردستان کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی تەممووزی 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری لە بارەگای سەرەکی سندووقی سعوودی بۆ گەشەپێدان لە ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە لەلایەن شێخ سوڵتان مورشید عەبدوڵرحمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی سعوودی؛ ئەندازیار فەیسەڵ ئەلقەحتانی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقەکە؛ ئەندازیار بەندەر ئەلعوبەید، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێری وڵاتانی عەرەبی و دکتۆرە رەندە ئەلهەزلی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و شاندی یاوەری پێشوازی کران.
لە کۆبوونەوەی نێوانیادا، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانی پارێزگا و شاندی یاوەری پێشکەش سەرۆکی جێبەجێکار و تیمی کارگێری سندووقی سعوودی بۆ گەشەپێدان کردووە، بۆ پێشوازی گەرمیان و بانگهێشتکردنیان بۆ ریازی پایتەخت. ئەوەش خراوەتەڕوو، پارێزگاری هەولێر سڵاوی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێ گەیاندوون و بانگهێشتی فەرمی هەرێمی کوردستانی کردوون.
سندووقی سعوودی بۆ گەشەپێدان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە لە ساڵی 1974 تاوەکو ئەمڕۆ کۆمەکی دەیان وڵاتیان لە ئاسیا، ئەفریقیا، ئەوروپا و ئەمەریکای لاتینی کردووە و زیاتر لە 700 پرۆژەی ستراتیژیان لە سێکتەرەکانی تەندورستی، ئاو، ئاوەڕۆ، پەروەردە و بەنداوەکان ئەنجامداوە
.پرسی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، یەکێک بوو لە تەوەرەکانی دیکەی کۆبوونەوەکە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پارێزگاری ههولێر روونكردنهوهی پێویستی لهبارهی گۆڕانكارییەکانی كهشوههوا خستووەتەڕوو و داوایکردووە، “شانشینی سعوودیە شوێنپهنجهی یارمهتییهكانی خۆی بۆ هەولێری ههرێمی كوردستان لهم رووهوه بنهخشێنێت، چونکە رۆژانە پێویستی بۆ ئاوی خاوێن زیاتر دەبێت و هەولێریش جگە لە دانیشتووانی خۆی، پەناگەی زیاتر لە سەدان هەزار ئاوارەیە و پێویستییان بە ئاوی پاك هەیە”
لای خۆیەوە، مەسعود کارەش، جێگری پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا پریزتەیشنێكی لەبارەی “فراوانبوونی شاری هەولێر و سروشتی کێشەی ئاوی خاوێن پێشکەشکرد و مەترسی ئەوەی خستەڕوو، دوای چەند ساڵی داهاتوو ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، مەترسییەکان کێشە و گرفتی ئاو بەرەو دروستبوونی قەیران دەچێت”.