چاودێری کردنی بازاڕ لەلایەن حکوومەتەوە نرخی کەلوپەلی لە گەمەی بەشێک لە بازرگانەکان پاراستووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەراورد بە مانگەکانی ڕابردوو، نرخی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان دابەزیوە، خەڵک حەز دەکات نرخی کەلوپەل ھەرزانتریش ببێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە پێناو بازاڕێکی سەقامگیر و دابەزینی نرخی کەلوپەل، باجی لەسەر ئەو کەلوپەلانەی کە لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن کەم کردۆتەوە، ئەوەش وای کردووە نرخی کەلوپەل ھەرزانتر ببێت.

نرخەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە، بەگوێرەی چەند ھەفتەی ڕابردوو هەرزانتر بوونە، ئەو هەرزان بوونەش، لەگەڵ زیاتر دابەزینی نرخی دۆلار بەردەوام دەبێت.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە فاو، ڕایگەیاند، نرخی خۆراک لەسەر ئاستی جیھان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٢٠% دابەزیوە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر بەھۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، نرخی خۆراک گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، پێنیشاندەرەکانی دابەزینی نرخی خۆراک، ئاماژە بە دابەزینی نرخی دانەوێڵە، زەیتە ڕووەکییەکان و بەرھەمەکانی شیرەمەنی دەکەن و ئەوەش قەرەبووی بەرزبوونەوەی نرخی شەکر و گۆشتە جۆربەجۆرەکان دەکاتەوە.
ڕۆژانە بەگوێرەی بەھای دۆلار و دینار، لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێری بازاڕ دەکەن و ھەر کەسێک نرخ زیاد بکات، سزای دەدەن. ھەرێمی کوردستان و عێراق %٨٠ ی ئەو کاڵا و کەرەستانەی کە ڕۆژانە بەکاریان دەھێنن لە دەرەوە ھاوردە دەکەن، ھاوکات مامەڵەکانیش بە دۆلار دەکرێن، بۆیە ھەر بەرزبوونەوەیەک لە نرخی دۆلار دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوە لە نرخی کاڵا و خۆراک.
ھەڵگرتنی باج لەسەر ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی خۆراکی لە دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆتە ھۆکاری ئەوەی نرخی زۆرێک لە کەلوپەلە خۆراکییەکان لە بازاڕدا ھەرزان ببن.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دەیان لیجنەوە چاودێری بازاڕ دەکات، بۆ ئەوەی قۆرخکاران نرخی کەلوپەل گران نەکەن، ھەر لەبەر ئەوەش لە ماوەی ڕابردوو چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە بەڕێژەی لە ١٠% بۆ ١٥% باجی لەسەر ١٧١ کاڵای جۆراوجۆر کەمکردەوە، دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەش ھۆکارێکی دیکەیە بۆ ھەرزانبوونی نرخی خۆراک.
ئەو خۆراکانەی باجیان لەسەر لادراوە، بریتین لە ئارد، برنج، شەکری ورد، چای ڕەش، کەرەی ئاژەڵی، شیری وشکی منداڵان، نۆکی وشک، لۆبیای وشک و پاقلەی وشک، شەکری قاڵب، زەیتی ڕووەکی، کەرەی رووەکی، نیسک، فاسۆلیا و ماشی وشک.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت نرخی گونجاو بۆ کاڵا خۆراکییەکان دیاری بکات و ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت بە گونجاوترین نرخ پێداویستییەکانیان دەستبکەوێت، بەتایبەت ئەو خۆراکانەی لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم دەھێنرێن، ئەمەش لەلایەکەوە بۆ پاراستنی باری دارایی ھاووڵاتییان و لە لایەکی دیکەشەوە بۆ بەردەوامبوونی کێبڕکێ و جوڵەی بازاڕە.
بەھۆی ناجێگیری بەھای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە بازاڕدا، حکوومەتی ھەرێم چەند ھەنگاوێک دەگرێتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی ھاووڵاتییانی ھەژار و کەمدەرامەت، یەکێک لە ھەنگاوەکانیش پاڵپشتیکردنی بازرگانانە بۆ دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان بە نرخی ھەرزانتر لە بازاڕ و بەردەوامبوون لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و پێشنیازیش کراوە مامەڵەکانی ئاڵوگۆڕ و کڕینی ئۆتۆمبێل و خانوو بکرێتە دینار. لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، میکانیزمی جێگیرکردنی نرخ دەستی پێکردووە لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە ھەماھەنگی لەگەڵ بازرگانان بۆ ھێنانەخوارەوەی نرخ کراوە، بۆ ئەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر کڕیاران و ھاووڵاتییان ھەیە نەمێنێت، جگە لەوەی ڕۆژانە لیژنەکان بۆ پشکنینی نرخ لە بازاڕەکاندا دەگەڕێن، لە ئەگەری ساغکردنەوەی کاڵای ماوە بەسەرچوو، ڕێکاری یاسایی دەگرنەبەر.
لە ھەرێمی کوردستان شەش ھەزار و نۆسەد و یازدە بریکاری دابەشکردنی خۆراک و دوو ھەزار و ھەشت سەد و نەوەد و پێنج بریکاری دابەشکردنی ئارد ھەن، مانگانە ھەر کەسێک نۆ کیلۆ ئارد، سێ کیلۆ برنج، دوو کیلۆ شەکر و یەک لیتر زەیتی پێدەدرێت.
عێراق ساڵانە بڕێک پارە لە بودجە تەرخان دەکات بۆ کڕینی بەشە خۆراکی مانگانە، بەڵام ئێستە خەڵک گلەییان لە کوالێتی ئەو خۆراکە ھەیە کە وەریدەگرن، وەزارەتی بازرگانیی عێراق پاساوی خراپی کوالێتی خۆراک بۆ کەمی بودجەی تەرخانکراو دەگەڕێنێتەوە بۆ کڕینی بەشە خۆراکی مانگانە.
بەرنامەیەکی باش دانراوە بۆ باشترکردنی ماددەکانی خۆراک، بەگوتەی بەرپرسانی کۆمپانیای خۆراک لە شاروشارۆچکەکان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ دەستەڵاتی لەسەر دابینکردنی خۆراکەوە نییە، حکوومەتی عێراق کاری دابینکردنی خۆراک دەکات، تەنها میکانیزمی دابەشکردنەکە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، کەواتە حکوومەتی عێراق پابەندە بە دابینکردن و ھێنان و باشترکردنی کوالێتی ماددەکانی خۆراک. بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی، نرخی کەلوپەل ھەرزان بووە و لە داھاتووشدا نرخی خۆراک زیاتر ھەرزان دەبێت. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بارزگانی لە وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی: وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری لەسەر کەمکردنەوەی نرخی خۆراکە سەرەکییەکان کردووە، بۆ ئەوەی کێبڕکێ لە نێوان بازرگانەکان دروست ببێت و ڕێگری لە زیادبوونی نرخ بکەین.
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی کوردستان، دەڵێت: کۆگاکانمان پڕن لە خۆراک و ھیچ گرفتی کەمیی خۆراکمان نییە ئەو کەلوپەلانەی حکوومەتی ھەرێم باجی کەمکردووەتەوە ھەنگاوێکی گەورەیە لە پێناو ھەرزان بوونی نرخی کەلوپەل و خۆراک.