ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق:به‌غدا پابه‌نده‌ به‌ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان

په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ به‌غدا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، حكومه‌تی عێراق پابه‌نده‌ به‌ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق.

له‌ لێدوانێكیدا شێروان دووبه‌ردانی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌رێم و پارێزگاكان له‌ په‌رله‌مانی عێراق گوتی: دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی، حكومه‌تی عێراق پابه‌نده‌ به‌ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراقدا.
دووبه‌ردانی گوتیشی: له‌ ماوه‌كانی داهاتوودا دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هاوتاكه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ چاودێری داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان ده‌كه‌ن و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم هیچ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم نابێت، چونكه‌ به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبووه‌ به‌ راده‌ستكردنی 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ حیساباته‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت ده‌كه‌ن، چونكه‌ پشكی هه‌رێم له‌ یاسای بودجه‌ جێگیركراوه‌ و له‌ مانگی 1ی ئه‌مساڵه‌وه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت و به‌ لێده‌ركردنی ئه‌و به‌شه‌ی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ مافی هه‌رێمه‌ و ده‌بێت به‌غدا خه‌رجی بكات.
دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی، هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکەن لە سەر جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی یاساکە.
رۆژی (29ـی حوزەیرانی 2023)، سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای پەسندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق رێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەی رابردوودا، لیژنەیەکی هونەری لەسەر ئاستی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کۆبوونەتەوە.
سەرچاوەکە له‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لە دوای کۆتایی هاتنی پشووی جەژنی قوربان، ئەم جۆرە پەیوەندی و کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن، بە ئامانجی جێبەجێکردنی یاسای بوودجە و ناردنی شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەو ئەرک و مافانەی کەوتوونەتە سەر هەردوولا.
دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023)، سەرۆک کۆماری عێراق پەسەندی کرد و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی لە (26ـی حوزەیرانی 2023)، بە گوێرەی یاساکە لە (1ـی کانوونی دووەمی 2023) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.
لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.
ئەوەی تایبەتیش بێت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، بە رێژەی12.67 جێگیرکراوە و لە ماددەکانی 11، 12 و 13 و جەخت لەسەر هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیی کراوەتەوە، ئەگەر هەناردەش نەکرا بە هەر هۆکارێک، ئەوا لە ناوخۆ ئەو بڕە نەوتە بەکاردەهێندرێت.
هاوکات دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی، هەروەها هەژمارێکی دیکەی بانکی بۆ شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پاڵپشتکرابێت و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان کەسێک لەلایەن ئەوەوە راسپیدرابێت، دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و لەلایەن دیوانەکانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان چاودێری هەردوو هەژمارە بانکییەکە دەکرێت.