ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
نووسینگەی یونسكۆ لە هەرێمی كوردستان وركشۆپێكی ڕاهێنانی لەسەر میراتی ڕۆشنبیری بەرجەستە و نامەعنەوی پەیوەست بە مەزارگەی ئێزدیەكان ساز كرد، ئەم وركشۆپە بە هاوبەشی و دەستپێشخەریی دامەزراوەی نادیە و بە هاوكاریی ناوەندی ڕۆشنبیریی لالش رێك خرا.
وركشۆپەكە بە هاوبەشی لەلایەن دوو ئەندامی تۆڕی ئاسانكارانی نێودەوڵەتیی كۆنفرانسی یونسكۆ بۆ پاراستنی میراتی كولتووری بەڕێوە چوو. ٣٣ ئەندامی هەڵبژێردراوی لە دەڤەرەكانی شنگال، بەعشیقە و بەهزان و شێخان ڕاهێنانیان پێ كرا.
وركشۆپەكە كە دە ڕۆژەی خایاند، ٥ ڕۆژ تیۆری و ٤ ڕۆژ ڕاهێنانی پراكتیكی لە مەیدانەكەدا و ١ ڕۆژ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی مەشقی كاری مەیدانی و مەراسیمی كۆتاییی لەخۆ گرتبوو.
بەر لە ڕادەستكردنی بڕوانامەی دەرچوون بە بەشداران، جونەید سروش وەلی، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆشنبیری لە ئۆفیسی یونسكۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕوونی كردەوە، “وركشۆپەكە بەشێكە لە پرۆژەیەكی گشتگیر لەگەڵ كۆمەڵگەی ئێزدی بۆ پاڵپشتیكردنیان لە پرۆسەی میراتی بەرجەستەی فەرهەنگی و نامەعنەویی كۆمەڵگەی ئێزدی بۆ پاراستن و گواستنەوەی بۆ نەوەكانی داهاتوو.