بەشی ڕۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(٢٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی دەزگاکە کرد.
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
بەبۆنەی(٢٣)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگاکەتانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی ھێژا و نووسەران و خوێنەرانی ئازیزی بەرھەم و چاپکراوەکانی موکریانی دەکەین و، ھیوادارین بۆ ساڵی داھاتوو لە ھەموو ڕوویەکەوە بە پرۆژەی نوێتر، زیاتر خزمەت بە کولتووری کوردستان بکەن و کتێبخانەی کوردی ئاوەدانتر بکەنەوە.
دەزگای موکریانی لە ڕووی چاپ و بڵاوکردنەوە بە بێ جیاوازی بیروڕای سیاسی، ھاریکارییەکی زۆری نووسەر و وەرگێڕ و ئامادەکارانی کتێبی کردووە و، وەک گەنجینەیەکی ڕۆشنبیریی و کولتووری جێدەستی لە دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی ڕوون و بەرچاوە.
ھەروا ڕۆڵ و کاریگەری ئەو دەزگا رۆشنبیرییە پڕ بایەخ و بەھادارە، کە لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە زیاتر لەھەزار و سەد ناونیشانی کتێب و کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی کولتووری بە چاپ گەیاندووە، لە بەرھەمی مەعریفی و فیکری مرۆڤایەتی و پێشکەوتنخوازیی نەتەوەیی و نیشتمانی و بوارەکانی ئەدەب و ئافرەت و منداڵ و ….ھتد، ئەمەش جێگای دەستخۆشی و شانازییە.
بەو بۆنەیەوە پشتیوانی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی دووپات دەکەینەوە و بە ھیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر لە کار و پلانەکانتان.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ـی٧ـی٢٠٢٣