پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هەنار تەها: شانازی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکەم

موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە هەنار تەها، قوتابی یەکەمی وێژەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، کە بەردەوام دەبن لە هاوکاریی و پشتیوانیتان، لای خۆشییەوە هەنار تەها گوتی: سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین کە ماوەی 10 ساڵە هاوکاری ئێمە دەکات و شانازی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکەم.

ئەمڕۆ شاندێکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە بەشی وێژەیی پۆلی 12ی ئامادەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە چەمچەماڵ سەردانی ماڵی قوتابی هەنار تەها-یان کرد و خەڵاتی دەزگای خێرخوازی بارزانییان پێبەخشی.

موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە هەنار کرد و گوتی: “سەرمان پێتەوە بەرزە و بەناوی مەسرور بارزانی سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازی بارزانی پیرۆزباییت لێ دەکەین، تەمەنا دەکەین نموونەت زۆر بێت، وەکچۆن لە رابردوو هاوکار و پشتیوانت بووین لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لە هاوکاری و پشتیوانی تۆ و قوتابییە هاوشێوەکانت، ئەوەی لە تواناماندا بێت خزمەتتان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو وتە جوانەی بارزانی نەمر بەجێ بگەیەنین “شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت”، ئێمە خۆمان بە خزمەتکاری هەموو کوردێک و هەموو مرۆڤێک دەزانین کە بیەوێت خزمەتی وڵاتەکەی خۆی بکات”.

گوتیشی: “ئێمە بەشێک لە خانەوادەکەت و دڵخۆش و سەربەزرین بە سەرکەوتنی تۆ، دەزگای خێرخوازی کە هەڵگری ئەو ناوە پیرۆزەیە و کوردستانیان هەموویان وەکو باوکی روحی خۆیان دەڵێن بارزانی نەمر، دەمانەوێت دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەو رۆڵە بگێڕێت و لە جێی باوکت بێ ئومێد دەکەم ئەو متمانەیەمان هەبێت بۆتۆ شوێنی باوکت بگرینەوە و لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا پشتیوانت بین”.

لە بەرامبەردا هەنار تەها، سوپاسی سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد و گوتی: “من شانازی بە دەزگای خێرخوازی بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکەم، خوا بۆ ئێمەتان بهێڵێت”.

راشیگەیاند: “ماوەی 10 ساڵە دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری ئێمە دەکەن و خۆمان بە قەرزداری ئەو دەزگایە دەزانین”.