لە بەغدا، لە ژێر ناوی گەشەسەندن دەرگایەکی گەورەی گەندەڵیی دەکرێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە بەغدا هەڵمەتێکی گەورەی بیناسازی دەستی پێکردووە کە بووەتە جێی سەرنجی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکی، بەڵام مێدیاکانی جیهان لە ڕەهەندێکی ترەوە لەم پرۆسەیە دەڕوانن و بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێی گەندەڵیی و ناکارامەیی دەسەڵاتدارانی عێراقی هەژمار دەکەن و پێیان وایە ئەوەی لە بەغدا ڕوو دەدات کردنەوەی دەرگایەکی نوێ و گەورەی گەندەڵییە لە ژێر ناوی ئاوەدانکردنەوە و فراوانکردنی شار.

عێراق لە دوو دەیەی ڕابردودا بە کۆمەڵێک قۆناغی هەستیاردا تێپەڕیوە، شەڕی تایفی لە لایەک و پاشان ململانێ و تەنگژەی سیاسی و سەرهەڵدانی تیرۆر وایکردووە عێراقییەکان خۆشیی لە خۆیان نەبینن. ماوەیەکە بە تایبەتی دوای دەربازبوون لە تەنگژەی دارایی و کۆرۆنا و بۆشایی دەسەڵات، جۆرێک ئارامی باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە و لە هەمووی گرنگتر داهاتەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا عێراق لە فرۆشتنی نەوت پتر لە سەد و سی ملیار دۆلاری دەست کەوتووە و یەدەگی زێڕ و دراویش ژمارەی پێوانەیی شکاندووە.
بەرزبوونەوەی ئەو داهاتە لە کاتێکدایە عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک تەنگژە و قەیرانی جیددیە کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق قۆڵی لێ هەڵنەماڵن و مشووری لێ نەخۆن، ئەوا لە داهاتوودا کاریگەریی زۆر خراپ لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت و قەیرانی نوێ بەربینگی عێراقییەکان دەگرێت.
وەک ئاشکرایە لە عێراق ڕێژەی بێکاری زۆر بەرزە و کەرتی کشتوکاڵیش بەهۆی دیاردەی بە بیابانبوون و گۆڕانەکانی کەشوهەوا ساڵ بە ساڵ زیاتر پاشەکشە دەکات، ئاوی بەنداوەکان لە کەمی داوە و کەمیی ئاو وای کردووە شەپۆلی کۆچ لە گوندەکانەوە بەرەو شارەکان دەست پێبکات. دیاردەی ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەر وڵاتی تەنیوەو ڕێژەی هەژاریش زیاتر بەرزبووەتەوە. کەرتەکانی تری بەرهەمهێنان بە تایبەتی کەرتی پیشەسازی لە ژێر سایەی بەرهەمی هاوردە هەناسەیان لێ بڕاوە و ژمارەی دەرچووانی زانکۆیش ئەوەندە زۆر بووە کە حکوومەت لە توانایدا نییە هەمووان دابمەزرێنێت.
لە جیاتی ئاوڕدانەوە لەو کەرتە گرنگانە و گرتنەبەری پلانی گونجاو بۆ دەربازبوون لە تەنگژەکان، حکوومەتی عێراق هەموو تواناکانی خۆی خستووەتە خزمەتی کەرتی نیشتەجێبوون لە کاتێکدا کەرتێک نییە چاوەڕوانی خوڵقاندنی هەلێکی زۆری کاری لێ بکرێت بەڵکوو تەنیا کەرتێکە بۆ کۆکردنەوەی سەرمایەکی زۆر کە لەوانەیە لە داهاتوودا وەک بڵقێک بتەقێتەوە.
یەکێک لەو ڕۆژنامانەی سەرنجی خستووەتە سەر ئەو کەرتە، ڕۆژنامەی واشنتتۆن پۆستی ئەمەریکییە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی گرنگی لەم بارەیەوە بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە بزوێنەری سەرەکیی ئەو هەڵمەتەی بیناسازی کە لە بەغدا دەستی پێ کردووە گەندەڵییە و وەبەرهێنەران و بەشێک لە دەسەڵاتداران پەرەپێدانی کەرتەکەیان کردووەتە دەرفەتێک بۆ زیاتر پڕکردنی گیرفانیان و کۆکردنەوەی سامان و بەکارهێنانی ئەو پارە زۆرەی کە هەر لە گەندەڵیدا دەستەبەریان کردووە و دەرفەتیان نییە بۆ دەرەوەی بگوازنەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی داوە کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی نیشتەجێبوون لە بەغدا دەستی پێ کردووە کە سەرمایەی هەندێکیان ملیاران دۆلارە و وا پێ دەچێت ئەو هەمووە پارەیەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا دەستی بەرپرسان و دەسەڵاتداران کەوتووە ئێستا بەیەکەوە بڕیاریان داوە خەرجی بکەن و بەو سەرمایەیەی لە گەندەڵی دەستەبەر بووە دەرگایەکی تری گەندەڵییان بۆ بکاتەوە. خانووە کۆنەکانی بەغدا دەڕووخێنرێن و تەنانەت بەزەیی بە زەوییە کشتوکاڵی و دارستانەکانی خورماش ناکرێت و ئەو زەوییانە دەکرێن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون بەو ئامانجەی بە نرخێکی خەیاڵی بفرۆشرێن.
پێویستە بگوترێ نرخی هەر مەترێک یەکەی نیشتەجێبوون لە کەناری خۆرئاوای ڕووباری دیجلە لە سەرووی دوو هەزار دۆلارەوە دەست پێ دەکات و لە گەڕەکێکی وەک مەنسوور لە باکووری بەغدا بۆ شەش هێندە بەرز دەبێتەوە، نرخێک کە تەنیا لە توانای دەوڵەمەندەکاندایە دابینی بکەن.
ڕۆژنامەکە دەڵێ: بە پاڵپشتیی سیاسییەکان کە بانگەشەی گەشەسەندنی بەغدا دەکەن، بیناسازان و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی بواری بیناسازی دەستیان بە پڕۆژەکانیان کردووە و ئەمەش بە دەستپێکردنی سیستمێکی نوێ چینایەتی لێک دەدرێتەوە و بۆیەش هۆشداری داوە لە جیاوازیی زیاتری چینایەتی و سەرهەڵدانی گەڕەکی زۆر هەژار و گەڕەکی زۆر دەوڵەمەند، ئەمەش دوای بیست ساڵ لە ڕزگاربوونی عێراق لەدەستی دیکتاتۆری و پاشان چێشتنی دەرد و نەهامەتییەکی زۆر، بە دیاردەیەکی نوێی ستەم هەژمار دەکرێت.
ئەو گۆڕانکارییانەی بەغدا لە کاتێکدایە شاری بەغدا لە ڕووی نەخشەسازییەوە یەکێک بووە لە شارە نموونەییەکان بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و دوور لە پلانی شارسازی لە فراوانبووندایە و تەنانەت سیمای ڕاستەقینەی شارەکەی کە پێشتر پشت بە خشت دەبەسترا، ئێستا ئەوەندە قەرەباڵغ بووە کە شێوازی تەلارسازیی کۆن کە یەکێک بووە لە جوانییەکانی بەغدا لە بیر کراوە و شێوازێکی نوێ هاتووەتە کایەوە و دەیەوێت بە کەمترین خەرجی زۆرترین بینا دروست بکات و لە ماوەیەکی کورتدا زۆرترین داهات دەستەبەر بکات. جگە لەمە بچووککردنەوەی ڕووبەری خانووەکان بە مەبەستی دەستخستنی زیاتری پارە، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە بۆ سەر کەمکردنەوەی سەوزایی شارەکە، کە لە ڕابردوودا یەکێک لە سیما جوانەکانی بەغدا بووە.
دوو ساڵ لەمەوبەر وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی کردەوە کە عێراق پێویستی بە لانی کەم دوو ملیۆن و نیو یەکەی نیشتەجێبوون هەیە و لەو کاتەوە پێویستییەکە زیاتر بووە و کۆچی گوندنشینان بەرەو شارەکان لە دەستی بێئاوی و بێکاری، بە تەنگژەیەکی نوێی نیشتەجێبوون لە شارە گەورەکان هەژمار دەکرێت.
عێراق بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان هەژمار دەکرێت و پارەیەکی زۆری کاش بەسەر یەکدا کەڵەکە بووە کە نازانرێت چۆن بەکار بهێنرێت و چاودێریی نێودەوڵەتیش ڕێگرە لەوەی بە ئاسانی ئەو پارانە بۆ دەرەوە بگوازرێنەوە و بۆیە کەرتی بیناسازی بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ پارەدارەکان تا وێڕای پاراستنی سەرمایەکانیان دەرگایەکی تری گەندەڵی بەڕووی خۆیاندا بکەنەوە.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ کە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە دوای ساڵی 2007 لە کەرتی نیشتەجێبووندا وەبەرهێنانێکی زۆر کرا و بۆ ماوەیەک دەرگای گەندەڵیی لەو کەرتەدا لە کوردستانیش کرایەوە بەڵام زوو دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەستیان بە مەترسییەکە کرد ومشووری دۆخەکەیان خوارد و پێشیان پێی گرت و بڕیاریان دا گرنگی بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی بدەن و لەم ڕووەوە سەرکەوتنی باشیان بەدەست هێنا و دەکرێ عێراقییەکان وەک ئەزموونێک سوود لە قۆناغەکانی گەشەسەندن و ئاوەدانکردنەوە لە هەرێمی کوردستان وەربگرن.