فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران:هەوڵدەدەین پەرە بە ناسنامەی گەشتیاریی سۆران بدەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ساڵانە بە ھەزاران گەشتیار بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران دەکەن. بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: بۆ جەژنی قوربان زیاتر لە سەد و سی و چوار ھەزار گەشتیار هاتوونەتە ئەم سنوورە، دەشڵێ: چەند پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری لە قۆناغی جێبەجێ کردندان بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبێت.

فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەڵێت: ئێستە وەرزی گەشتیاریی ھاوینەیە، لە ئیدارەی سۆران بە دەیان شوێنی گەشتیاری ھەنە و گرنگییەکی باشیش بەو شوێنانە دراوە، ئەوەش وای کردووە ساڵانە بە لێشاو گەشتیار بێنە ئێرە. ئێمە پێشتر ئامادەکاریی خۆمان کردووە، لە ھەموو قەزاکان تیمی تایبەت دروست کراوە بۆ پێشوازیی گەشتیاران، ھەر کێشەیەکیش ھەبێت بەدواداچوونی بۆ دەکەین و کێشەکە چارە دەکەین.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، دەشڵێ: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەپێی ھەڵکەوتەی جوگرافی و ئەو باکگراوندەی ھەیەتی، بووەتە ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان، ھەوڵدەدەین ئەم ناسنامە گەشتیارییە بپارێزین و زیاتر پەرەی پێ بدەین، بۆ ئەوەی ئیدارەی سۆران وەک پایتەختی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان بناسرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، گوتیشی: پلانێکی باش دانرا بوو، توانیشمان بە باشترین شێوە پلانەکە جێبەجێ بکەین و سەرنجی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان ڕابکێشین و دڵخۆشین کە لە چوار ڕۆژی جەژندا سەد و سی و چوار ھەزار و سەد و پەنجا و ھەشت گەشتیار سەردانی ئیدارەی سۆرانیان کردووە، زیاتر لە پەنجا و دوو ھەزاریان گەشتیاری ناوخۆ و نزیکەی ھەشتا ھەزار گەشتیاریش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون، زیاتر لە سێ ھەزار گەشتیاریش لە خۆرھەڵاتی کوردستانەوە ھاتوونەتە دەڤەری سۆران، ئێستەش ھاتنی گەشتیاران بەردەوامە، بۆ وەرزی ھاوین ئەگەر ڕۆژانە سەرووی پەنجا ھەزار گەشتیاریش بێنە سنوورەکە، ئێمە شوێنمان بۆیان ھەیە.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد: ئیدارەی سۆران بەوە لە ناوچەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە، لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیارانی بۆ دێن. تەنھا لە ھەر دوو وەرزی زستان و بەھار نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار و سەردانیکەر هاتوونەتە سنوورەکە؛ ھەوڵدەدەین ئەو ژمارەیە زیاتر بکەین، ئەوەش بە دروستکردنی پڕۆژەی نوێی گەشتیاری.
فەیسەڵ سادق، ڕایگەیاند: ڕۆژانە بە دەیان گروپی گەشتیاریی گەشتیار لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق دێنە ئیدارەی سۆران، ئەو گروپانە تەنانەت گەشتیار لە ئێران و وڵاتانی دیکەوە دێنن، تەنھا لە ئێرانەوە لە ماوەی ٦ مانگدا سەد و سی ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ئیدارەی سۆران.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، جەختی لەوەشکردەوە: ئێستە جموجۆڵی دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری باش لە دەڤەری باڵەکایەتی لە ئارادایە، چوار پڕۆژەی زۆر باش لە ناوچەکە دروست دەکرێن کە خۆی لە گوند و کۆمەڵگەی گەشتیاری دەبینێتەوە، ھەموو ئاسانکاریەکیش دەکەین بۆ ئەو کەسانەی کە پڕۆژەی گەشتیاری دروست دەکەن.
سەبارەت بەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان نییە، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، ڕایگەیاند: ھەر شوێنێکی گەشتیاری مۆڵەتی ھەبێت ئەوە باشە و لەگەڵی ھاوکار دەبین، بەڵام ئەو شوێنانەی بێ مۆڵەت کار دەکەن تێبینیمان لەسەر ھەیە، بەھۆی ئەوەی نرخ شت گران دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەدواداچوون دەکەین و خاوەنی پڕۆژەکان سزا دەدەین، لە ڕۆژانی جەژن حەوت سەرپێچی تۆمار کراون و ئەو لایەنانەی لە نرخەکان یاخود ھەر شتێکی دیکە سەرپێچیان کردووە سزای خۆیان وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەی نۆزدە ئاگادارکردنەوەمان داوەتە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان بۆ ئەوەی پابەندی ڕێنماییەکان بن بەتایبەتی لە پاکوخاوێنی و ژینگەپارێزی. بەپێی دوایین ڕێنمایی ھەر شوێنێک مۆڵەتی گەشتیاری نەبێت، ئەگەر مۆڵەت دەرنەھێنێت، ئەو چەند ساڵەی کە کاری کردووە دەبێت پارەی ھەموو ئەو ساڵانە بدات، ئەوەش بۆ ئەوان قورس دەبێت، بۆیە داوا دەکەین ھەر پڕۆژەیەکی گەشتیاری مۆڵەتی نەبێت، بە زووترین کات مۆڵەت دەربھێنێت ئەگەرنا لە داھاتوودا ڕێکارەکان قورس دەبن.
فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، زیاتر دەڵێ: دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و بەو دوایەش کە دەروازەی نێودەوڵەتی زێت کراوەتەوە، کاریگەری ھەبووە لەسەر زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاران و ڕۆژانە بە ھەزاران گەشتیار لەو دوو دەروازەیە دێنە ھەرێمی کوردستان.