پارێزگای هه‌ولێر، بە گوژمەى پتر له‌ 3 ملیار دینار لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، دەستکرا بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگه‌ی (هەولێر – خەبات).

لە چوارچێوەى گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دەستی ئاوەدانی و لەپێناو كارئاسانی بۆ شوفێران و كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ، ئه‌مڕۆ دووشه‌م بە گوژمەی (3 ملیار و 842 ملیۆن و 208 هەزار دینار) لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر دەست کرا بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی شەقامی (هەولێر – خەبات).

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای هەولێر – خەبات کە ڕێگایەکی ستراتیژی و بازرگانی گرنگە و هەر سێ پارێزگای (هەولێر، دهۆک، مووسڵ) بەیەکەوە دەبەستێتەوە، پێکهاتووە لە سێ بەش، سایدی چوون لە سێ ڕێیانی گوێڕ تا بازگەی کۆنی کانی قرژاڵە، لە سایدی هاتنەوەش لە بازگەی کۆنی کانی قرژاڵە تاکو سێ ڕێیانی گوێڕ و لە بازگەی کانی قرژاڵە بە دووری ( 6,350 ) کم بەرەو قەزایی خەباتە، تەواوبوونیشی کار ئاسانی زۆری دەبێت بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر لەپێناو باشترکردنی دۆخی ڕێگاوبان و ئاسانکاریکردن بۆ شۆفێران و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان، بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ڕێگەوبان و ئەو هەوڵانەشی تەنیا بۆ شەقامەکانی ناوەوەی شار نییە، بەڵکو ڕێگاکانی دەرەوەی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە