چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری شۆفێرانی تەکسی دەکاتەوە: هیچ تەکسییەک نابێت بەبێ لۆگۆ کاربکات

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری شۆفێرانی تەکسی دەکاتەوە، لە دوای 15ـی تەمموزەوە هەر تەکسییەک بەبێ لۆگۆ کاربکات لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە سزای داراییان بۆ دەنووسرێت.

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمانی وزاری ژمارە (3018/ ک) لە (25ـی کانوونی دووەمی 2023) ئاسانکاری کرد تا ئەو کارمەندانەی کەرتی گشتی (مەدەنی و سەربازی) کە مووچەکانیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە بتوانن بە شێوەی یاسایی لە دوای دەوامی فەرمی شۆفێری تەکسی بکەن و ببنە خاوەن لۆگۆی تەکسی، ماوەی حەوت مانگ دەرفەتی دا بۆ ئەوەی ئەو تەکسییانەی لۆگۆیان نییە، بەگوێرەی رێنماییەکان لۆگۆ ببەستن و دوا وادەش رۆژی (15ـی تەمموزی 2023)ـیە.

بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هەموو تەکسییەک لە شار وشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان تا 15ـی ئەم مانگە مامەڵەی لۆگۆی تەکسییان تەواو کردبێت و لۆگۆیان لە تەکسیەکانیان دابێت، هەروەها  کارتی زانیاری داواکراویان لە ناو تەکسییەکانیان بە گوێرەی رێنمایی تایبەتمەند کە لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە بۆیان دروست دەکرێت، هەڵواسیبێت.

وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، لە 16ـی ئەم مانگەوە، دەسەڵات دەدرێتە ئەفسەری پۆلیسی هاتووچۆ، لە کاتی بینینی تەکسی بێ لۆگۆ راستەوخۆ سزای دارایی بۆ بنووسێت بە بڕی 40 هەزار دینار و بە سیستم بۆ شۆفێرەکە رەوانە دەکرێت.

هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، هەر شۆفێرێکی تەکسی لە ماوەی مانگێک بڕی ئەو سزایەی دەکەوێتە سەری بەهۆی تەواونەکردنی لۆگۆوە یان سەرپێچیکردن بە دەستکاریکردنی لۆگۆ و کارتی زانیاری تەکسییەکە، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی تایبەتمەند یەکلانەکاتەوە، سزاکەی دەبێتە دوو بەرامبەر.

 هەروەها بە گوێرەی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەکسی ناوشار ناتوانێت لە هێلەکانی دەرەوەی شار کار بکات و تەکسی هێلەکانیش ناتوانن لە ناوشار کار بکەن.

پرۆژەی لۆگۆی تەکسی، پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانج لێی ئامادەکردنی کەشێکی ئارامە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە رۆژانە تەکسی بەکار دەهێنن بۆ گەیشتن بە شوێنی کاریان یان چوونە بازاڕ و شوێنی دیکە، بەشێوەیەک هەموو زانیارییەکانی شۆفیری تەکسی لە لای بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی تایبەتمەند دەپارێزرێت و سەرنشین لەگەڵ سەرکەوتنی بۆ هەر تەکسییەکە، لە رێی ئەو کارتانەی زانیاری کە هەڵدەواسرێت، زانیاری دەربارەی شوفێرەکە دەزانێت