زانیاری لەبارەی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران دەخرێتەڕوو

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌و مووچه‌یه‌ خانه‌نشین نابێت كه‌ باس ده‌كرێت و دوای خانەنشین بوونیش شوقە و خانووەکان رادەست دەکەنەوە.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بابەتێکی لەبارەی مووچەی خانەنیشنی پەرلەمانتاران بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: “به‌ گوێره‌ی  یاسای چاكسازی كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، راستگۆیانه‌ به‌ڵێنه‌كه‌مان به‌جێگه‌یاند و له‌ خۆمان ده‌ستمان پێكرد”.

باسی لەوەشکردووە: “پێشتر مووچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌ندامی په‌رله‌مان شه‌ش ملیۆن و 300 هه‌زار دینار بوو”.

لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە فراکسیۆنی پارتی خانەنشین دەبن، زانا مەلا خالید روونیکردووەتەوە، 22 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەیان تەمەنیان لە 45 ساڵ کەمترە بڕی مووچەکەیان یەک ملیۆن و 609 هەزار دینار تا دوو ملیۆن دینار دەبێت، هەروەها 23 پەرلەمانتار کە تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە بڕی دوو ملیۆن تا چوار ملیۆن دینار دەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، راشیگەیاندووە: “ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت له‌ ئیمتیازاتی خانوو و سه‌یاره‌ دووره‌ له‌ راستی

ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌كاتی ئه‌ركیشدا سه‌یاره‌ی په‌رله‌مانیان لا نه‌بووه‌ .ئه‌م خانوو یان شوقانه‌ی ماڵی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی تێدابووه‌ له‌ دوای خانه‌نشینی راده‌ستی دیوانی په‌رله‌مان ده‌كرێته‌وه‌”.

دوێنێ 2/7/2023، مامەڵەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد، کە 111 پەرلەمانتار دەگرێتەوە.