لەبەر دوو هۆ ملیاران دۆلار زیان بەر ئابووری عێراق دەکەوێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

داهاتی نەوتی عێراق لەبەر دوو هۆ ڕووی لە دابەزینە، کەمبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە لایەک و وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ بەندەری لە لایەکی دیکەوە. ساڵی ڕابردوو عێراق بە هۆی فرۆشتنی نەوت، سەد و سی و یەک ملیار دۆلاری دەست کەوت بەڵام پێشبینی دەکرێ داهاتی ئەمساڵی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر دابەزێت.

بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی ڕابردوودا عێراق سەد ملیۆن و پەنجا و نۆ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و لەو نەوتەش حەوت ملیار و سەد و پانزدە ملیۆن دۆلاری دەست کەوتووە. لەو قەبارەیە، نەوەد و هەشت ملیۆن و حەوت سەد و بیست و پێنج هەزار بەرمیل نەوتی لە بەندەرەکانی باشووری عێراق هەناردە کراوە و ئەوەی تری بۆ ئوردن و چەند شوێنێکی تر ناردووە. بە گشتی، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیراندا بریتی بووە لە سێ ملیۆن و سێ سەد و سی و پێنج هەزار بەرمیل و هەر بەرمیلێکیش بە حەفتا و یەک دۆلار و یازدە سەنت فرۆشراوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە عێراق لە سەرووی ئەو نرخە نەوتی فرۆشتووە کە لە یاسای بودجە خەمڵاندنی بۆ کراوە بەڵام زیاتر لە سێ مانگە ئەو قەبارەیەی نەفرۆشتووە کە بەگوێرەی یاسای بودجە دەبێ هەناردەی بکات.
پێویستە بگوترێ لە ٢٥ی مانگی ئادارەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە بەندەری جەیهانەوە وەستێنراوە و هێشتا نەتوانراوە دەست بە هەناردەی ئەو نەوتە بکرێتەوە.
لە بەندەری جەیهانەوە بە نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە رۆژانە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا. بەو پێیە هەموو ڕۆژێک پتر لە سی و پێنج ملیۆن دۆلار و هەموو مانگێک زیاتر یەک ملیار دۆلار زیان بەر داهاتی نەوت کەوتووە. بۆ نموونە ئەگەر مانگی ڕابردوو نەوتەکەی هەرێمی کوردستانیش هەناردە کرابا، ئەوا هەناردەی ڕۆژانەی نەوت دەگەیشتە سێ ملیۆن و هەشت سەد و سی و پێنج هەزار بەرمیل و بەرهەمی مانگەکەش بۆ سەروی سەد و پانزدە ملیۆن هەڵدەکشا و عێراق لە جیاتی حەوت ملیار دۆلار، هەشت ملیار دۆلار داهاتی دەبوو.
قەبارەی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لەو بڕە کەمترە کە لە بودجە دیاری کراوە و ئەمەش کاریگەریی خراپی بۆ سەر بودجە دەبێت. لە یاسای بودجەدا ئەوە چەسپێنراوە کە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد هەزار بەرمیل ڕادەستی سۆمۆ بکات بەڵام هیچ ڕێکارێک بۆ رادەستکردنەکە دەستنیشان نەکراوە چونکە هێشتا تورکیا ڕێگرە لە هەناردەکردنی نەوتەکە.
عێراق بە دووەم هەناردەکاری نەوت لە نێو وڵاتانی هەناردەکاری ئۆپێک هەژمار دەکرێت و لەو هەشت سەد و هەشتا و هەشت ملیار دۆلارەی لە ساڵی 2022 لە داهاتی نەوت دەست وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک کەوتووە، سەد و سی و یەک ملیار دۆلاری بۆ عێراق بووە. ساڵی ڕابردوو داهاتی هەندێک مانگی عێراق یازدە ملیار دۆلاری تێپەڕ دەکرد بەڵام ئەوەی ئێستا چوار ملیار دۆلاری کەمترە و ئەمەش دەری دەخات تا کۆتایی ساڵ داهاتەکە ناگاتە سەد ملیار دۆلار.
بەپێی ئامارێكی نوێی فه‌رمانگه‌ی وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا، لە ساڵی 2022 داهاتی ئۆپێک 43% زیادی کردووە بەڵام پێشبینی دەکرێ ئەمساڵ کەم بکات. سعوودییە بە داهاتی سێ سەد و یازدە ملیار دۆلار لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت هات، عێراق لە ڕیزبەندی دووەم و پاشان ئیمارات و کوێت و ئێران لە پلەکانی دواتردا هاتن. ساڵی ڕابردوو ئیمارات سەد و نۆزدە ملیار دۆلاری دەست کەوت و ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ نەکاتەوە لەوانەیە عێراق ئەمساڵ لە ڕیزبەندی دووەم وڵاتی هەناردەکاری نەوت بۆ سێیەم وڵات دابەزێت.
دۆخەکە ئەوە دەخوازێت هەرچی زووە عێراق ڕێکاری پێویست بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە دابەزینی داهات و کورتهێنانی بودجە بکات.