چواس خالید – هەولێر
شاره‌وانی هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێ، له چوار ڕۆژی جه‌ژنی قورباندا، شه‌ش هه‌زار و سێ سه‌د و شه‌ست تۆن زبڵ و پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی قوربانییان كۆكردووه‌ته‌وه، ته‌نیا له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر، پێنج سه‌د و شه‌ست تۆن پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی قوربانی كۆكراوه‌ته‌وه.
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خزمه‌تگوزاری و ژینگه‌پارێزی سه‌ر به سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، تایبه‌ت به‌كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاكی ماڵان و پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی قوربانی، له چوار ڕۆژی جه‌ژنی قورباندا، ته‌نیا له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر پێنج سه‌د و شه‌ست تۆن پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی قوربانی كۆكراوه‌ته‌وه و شوێنه‌كانیان پاككراوه‌ته‌وه و براونەتە زبڵخانەکان.
هه‌ر له‌و چوار ڕۆژه‌ی جه‌ژنی قورباندا، پێنج هه‌زار و هه‌شت سه‌د تۆن خۆڵ و خاشاكی ماڵان كۆكراوه‌ته‌وه و بۆ شوێنی تایبه‌ت به پاشماوه‌كان ڕاگوێستراوه.
له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به سه‌دان ئامێر و كرێكاری شاره‌وانی به‌شدارییان تێدا كردووه و له ئێستادا پرۆسه‌ی خاوێنكردنه‌وه به‌رده‌وامه.
پاكردنه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی قوربانی له نێو كۆڵانه‌كانی شاری هه‌ولێر له كاتێكدایه، شاری هه‌ولێر كوشتارگه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، كه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و سه‌رده‌مییانه ئاژه‌ڵی تێدا سه‌رده‌بڕدرێت، له كوشتارگه‌ی شاری هه‌ولێر، پشكنین بۆ گۆشته‌كه ده‌كرێت و له ڕووی پاكوخاوێنییه‌وه مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی تێدا ڕه‌چاو ده‌كرێت.
به‌پێی ئاماری كوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی پارێزگای هه‌ولێر، له چوار ڕۆژی جه‌ژنی قوربان دا، هه‌زار و هه‌شت سه‌د و نه‌وه‌ت و هه‌شت ئاژه‌ڵی گه‌وره و بچووك، بۆ قوربانی له كوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی هه‌ولێر سه‌ربڕدراون.
به‌پێی ئاماری كوشتارگه‌ی هاوچه‌رخی پارێزگای هه‌ولێر، له‌و ژماره ئاژه‌ڵه‌ی بۆ قوربانی سه‌ربڕدراون، پێنج سه‌د و سێزده ئاژه‌ڵی بچووك بوونه و هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ ئاژه‌ڵی گەورە.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه، كۆی کێشی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له كوشتارگه‌كه بۆ قوربانی سه‌ربڕدراون، سه‌د و هه‌ژده تۆن بوونه، كه به‌پێی مه‌رجه ته‌ندروستییه‌كان، دوو تۆن و بیست و شه‌ش كیلۆ گرامی ڕه‌تكراوه‌ته‌وه.
ئه‌و ژمارانه‌ش له كاتێكدایه، ئه‌مساڵ به به‌راوردی پار گۆشتی زیادتر ڕادهستكراوه و به پێی ئاماره‌كانی كوشتارگه‌ی هه‌ولێر بێت، كۆی گشتی گۆشتی ڕادهستكراوی پار، یه‌ك تۆن له هی ئه‌مساڵ كه‌متر بووه.
وه‌ك ئاماده‌سازی بۆ ڕۆژانی جه‌ژن و ڕێگریكردن له فڕێدانی پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵی قوربانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خزمه‌تگوزاریی و ژینگه‌پارێزیی هه‌ولێر سه‌ر به سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، چه‌ندان شوێنی تایبه‌ت و ژماره‌یه‌كی زۆری حاویه‌ی گه‌وره‌ی له نێو شاری هه‌ولێر و شوێنه گشتییه‌كان دابین كرد، بۆ ئه‌وه‌ی به زوویی شاری هه‌ولێر له پاشماوه‌ی ئاژه‌ڵه‌كانی قوربانی پاك بكرێته‌وه.