جێگری پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لێدانی بیری ئاو لە هەندێک شوێنی هەولێر گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، دەیانەوێت لەمەودوا زیاتر پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەستن، لە دوو رۆژی داهاتوودا بە مەبەستی پڕۆژە و چارەسەرکردنی کێشەی ئاو شاندێکی پارێزگای هەولێر سەردانی سعوودیە دەکەن.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند: “رۆژی سیشەممەی داهاتوو شاندێکی پارێزگای هەولێر لە پێکهاتوون لە پارێزگار، جێگری پارێزگار، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆکانی هەولێر، بە مەبەستی چارەسەری ئاوی ماڵان سەردانی وڵاتی سعوودیە دەکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیداری سعوویە باس لە دابینکردنی بڕێک پارە دەکرێت لەلایەن سعوودیە بۆ پارێزگای هەولێر بەشێوەی قەرز، پڕۆژەکانیش بریتین لە تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، هەروەها پڕۆژەی راکێشانی ئاو لە زێی بچووک بۆ کۆمەڵگەی قوشتەپە و دەوروبەری، دابینکردنی ئاوی پاک بۆ کۆمەڵگەی کەورگۆسک یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژەکان، بە گشتی دەمانەوێت کێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر بکەین”.
گوتیشی: “دەمانەوێت لەناو شاری هەولێریش پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەستین و بیرەکان دابخرێن، بەڵام ئەو شوێنانەی کەوتوونەتە باکوور و رۆژهەڵاتی هەولێر وەکو کەسنەزان، دارەتوو، بنەسڵاوە و شاوێس ئەمانەش کێشەی بێ ئاویان هەیە، بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەی لە پلانماندایە جێبەجێ بکرێت بە پلان سەرجەم ئەو بیرانەی کێشەیان هەیە دادەخرێن، تەنیا پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستین”.
مەسعود کاڕەش، راشیگەیاند: “لێدانی بیری ئاو لە قوشتەپە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە نزیکەی 700 مەتر قوڵ دەکرێت تا دەگاتە ئاو”.
ئەوەشی خستەڕوو، وەکو پارێزگای هەولێر دەیانەوێت دوو سەرچاوەی ئاویان هەبێت، یەکێکیان ئاوی زێی گەورەیە کە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 1 و 2 و 3ی لێ دابین دەکرێت، “هەروەها دەمانەوێت زێی بچووک ببێتە سەرچاوەیەکی دیکە و ئاو لێ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی دوو سەرچاوەی ئاوی سەر چاوەی سەر زەیمان هەبێت”.
جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی وشکەساڵی و لێدانی بیر و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان ئاو لە هەولێر کەمبووەتەوە، گوتیشی: ژمارەی بیر زۆر زیاد بووە لە هەولێر و ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی”.