شەقامى سەرەکیی ناوچەى پیشەسازی باکوور لە هەولێر، قیرتاو کرا

دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکه‌وه‌ ئاگەدار بوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، قیرتاوکردنى شەقامى سەرەکی ناوچەى پیشەسازی باکوورى بەسەر کردەوە، کە بەگوژمەى سەد و هەشتا و شەش ملیۆن و دوو سەد و حەفتا و پێنج هەزار دینار لە سەر داهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەشێوەى بەڵێندەرایەتى دەست بە جێبەجێکردنى کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەیدا کە هەریەک لە مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى شارەوانیی سێ و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیاران و سەرپەرشتیاران یاوەرى بوون، پارێزگارى هەولێر دواى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکە، وێڕاى دەستخۆشی لە ئەندازیاران و کرێکار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، پیرۆزبایی لە کاسبکارانى ناوچەى پیشەسازى باکوور کرد و جەختى لەوە کردەوە کە ويستى پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندن و پێشکەشکردن و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزاریی سنوورى پارێزگاکەى زۆر لەوە زیاترە و ڕایگەیاند: لە ژێر ڕێنماییەکانى مەسرور بارزانى، سەروکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد دەکەین بتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى و دەستى ئاوەدانى بەبێ جیاوازیی لە ناو شار و دەرەوەى شار بەشێوەیەکى یەکسان بگەێنین بە هەموو شوێنێک بەتایبەتى گەڕەکە هەژار نشینەکان و ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزاریى و ئاوادانیان پێگەیشتووە.
جێگەى باسە، لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و بودجەى سەربار و لە سەرداهاتى 15%ى سەرۆکایەتىی شارەوانیى هەولێر و بودجەى تایبەت بۆ پڕۆژەکان، ژمارەیەکى زۆر پڕۆژەى خزمەتگوزاریى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامداراوەکە بەشێکیان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.