رێگاوبانی رێکوپێک و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

ڕێگەوبان، شادەماری بەستنەوەی شار و ناوچە جیاجیاكانی هەموو وڵاتێکە و ڕۆڵی گەورەی هەیە لە گشت سێكتەرێکی ئابووریدا و، هۆکارێکی هەرە سەرەکیە لە بەرەوپێشچوونی کەرتی گەشتوگوزاریشدا؛ ئاخر، هۆی سەرەکی لە گەشتوگوزاردا بریتیە لە ڕێگەوبانێکی تۆکمە و بێکێشە.

بەرپرسانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەكەن كە تا دێت ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش لە پاڵ کەرتی نەوت‌ و پیشەسازی‌ و بازرگانی‌ و سەرجەم بوارەكانی تر داهاتێکی گرنگە.
هەرێمی کوردستان چەندین ناوچەی گەشتیاری و سەیرانگای دڵگیری لێ هەیە و، لەبەر دیمەنی دڵڕفێن و کەشوهەوای فێنک، گەشتیارێكی زۆر لە ناوخۆی کوردستان و خواروی ئێراق و وڵاتانی دراوسێ و بیانیەوە رووی تێ دەکەن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماستەرپلانی بۆ تەواوی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان ڕاگەیاندووە، تاكو كەرتی گەشتوگوزار بكاتە یەكێك لەو كەرتانەی بۆ بەرزكردنەوەی ئابووریی كوردستان و ڕاكێشانی گەشتیاری زیاتر بەرەو هەرێمی كوردستان، سوودی هەبێت.
كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە ڕێگەوبان داوە. وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە ماوەی تەمەنی كابینەكەدا توانیویەتی چەندین پڕۆژە بە بودجەی ملیارەها دینار تەواو بكات و بیخاتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، ئەم پڕۆژانەش ڕێگەی دووساید و یەكساید و ڕێگەی سەرەكی و لاوەكی و ڕێگەی گوندەكانی لەخۆ گرتووە کە ١١ملیۆن مەتر چوارگۆشە قیری تێدا بەكار هاتووە.
هەروەها بۆ گرنگیدانی زیاتر بە ناوچە گەشتیارییەکان و بەو پێیەی ناوچەی سۆران زۆرترین ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستانی لێیە ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لەو ناوچەیەدا جێبەجێ دەکرێت؛ لەوانە:
پڕۆژەی بە دووسایدکردنی ڕێگەی سپیلک ـ خەلیفان کە درێژاییەکەی ١٠ کیلۆمەترە و پاناییەکەی هەر سایدێک ٨ مەترە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پڕۆژەیە دەبێتە ڕێگەیەکی ستراتیژی و گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی سۆراندا.
هاوکات هەر لە قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سۆران بە بڕی ٥ملیار و ٤٢ملیۆن و ٨٤٥هەزار دینار و بە درێژاییی (٣٢،٧) كیلۆمەتر، ٤ پرۆژەی دیکەی ڕێگاوبان، لە قۆناغی جێبەجێکردندان؛ لەوانە:

  • دروستکردنی ڕێگای “دۆڵی زەرزێ” کە گوژمەی ملیارێک و ٧٥٦ملیۆن و ٣٧٥هەزار دیناری بۆ تەرخان کراوە و درێژاییەکەی (١١،٢) کیلۆمەترە.
  • دروستکردنی ڕێگای “گەلی شێخزادە” بە گوژمەی ملیارێک و ٢٣٩ملیۆن دینار، كە درێژاییەکەی (٩،٥) کیلۆمەترە.
  • دروستکردنی رێگای “گەلی لێتان” یەکێکی دیکەیە لە پرۆژەکان، كە درێژییەکەی ١١کیلۆمەترە و بە گوژمەی ملیارێک و ٨٩٧ملیۆن و ٤٧٠هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت.
    • پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای “دەشتەهێرت” گوژمەکەی ١٥٠ملیۆن دینارە کە کاری نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی بۆ دەکرێت و ئەم پرۆژەیە لە بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت