ڕائیب جادر – هەولێر
بۆ جەژنی قوربان تا ئێستە نزیکەی سێ سەد ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگای ھەولێر و ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەوەش وای کردبوو لە گەلێ شوێن ئاپۆڕەیەکی زۆر دروست ببێت و گەشتیاران بە ناچاری چەندین کاتژمێر لە ناو ئۆتۆمبێلەکانیان بمێننەوە.
نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار ئەوە دەخاتە ڕوو، لە ھەرێمی کوردستان سێ ھەزار و سەد شوێن ھەن کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، ڕێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، ھەزار و حەفتا و پێنج شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە شەش سەد و بیست و پێنج ھۆتێل، سێ سەد و حەفتا مۆتێل، ھەشتا گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی ھەشت سەد ڕێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاریی لە ناوچە گەشتیارییەکان.
بەگوێرەی داتای دەستەی گەشتوگوزار، سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە. ھەر بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانی عێراقەوە ھاتبوون.
ساڵانە ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان ڕوو لە زیاد بوونە، بۆ جەژنی قوربان لە ھەرێمی کوردستان پلانێکی توکمە بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران دانرا بوو، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە گەشتیاران بکەن.
بەگوتەی بەرپرسانی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان، لەو چەند ڕۆژەدا ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان پڕببوون لە گەشتیاران و بە سەدان ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، حکوومەتی ھەرێم ھاوکارە بۆ ئەوەی ناوچە گەشتیارییەکان پێش بکەون، بە سەدان کۆمپانیای گەشتیاریی لە عێراق و وڵاتانی دیکە بەردەوام گەشتیار دێنە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەکە ڕوو لە زیاد بوونە، ئەگەر ھەر بەو شێوەیە گرنگی بە کەرتی گەشتیاریی بدرێت، لە ساڵانی داھاتوودا ئەو کەرتە زیاتر پێش دەکەوێت. بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئیدارەی سۆران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە زیاتر لە پێنج سەد ھەزار گەشتیار کە سەد و پەنجا ھەزاریان گەشتیاری خۆرھەڵاتی کوردستان و ئێرانن، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کردووە.
فێنکی و ناوبانگی شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان تەنھا بۆ گەشتیارانی عەرەب جێی سەرنج نین، گەشتیاران لە وڵاتانی دیکەوە ھاتوون و ڕۆژانی جەژن لە ناوچە گەشتیارییەکان بەڕێ کرد. وەکو گەشتیاران دەڵێن: کوردستان زۆر خۆشە و شوێنە گەشتیاریەکانیشی خۆشن، حکوومەتیش ھەوڵی داوە ئەو کەرتە پێش بکەوێت، ھەتا لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر باشە و بە ھەموو کوردستان گەڕاوین کەس لێمان ناپرسێت و لە ھەموو شوێنەکانیش پۆلیسی ھاتووچۆ و ئەمنی دانراون، بۆ ئەوەی ئەمنیەتی گەشتیاران پارێزراو بێت، ئەوەش وا دەکات گەشتیاری زیاتر بێنە ھەرێمی کوردستان.
لە شاری ھەولێر دوو سەد و ھەشتاو حەوت ھۆتێل و ھەشتاو پێنج مۆتێل بۆ گەشتیاران ئامادەکرابوون، ھەروەھا شوێنەکانی مانەوە لە شاری ھەولێر توانای لەخۆگرتنی پەنجا ھەزار گەشتیاری لە شەوێکدا ھەبوو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ھەولێر لە ١٩ بۆ ٢٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣، زیاتر لە سەد ھەزار گەشتیار و میوان سەردانی ھەولێریان کردووە.
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دھۆک، ڕایگەیاند: ڕۆژانە بەردەوام سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەم بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەم لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری ناوچەکان و چارەکردنی کەموکوڕییەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە گەشتیارییەکانی شاری دھۆک لە ئاستێکی زۆر باش دایە و ڕێستورانتەکان، مۆتێلەکان و ھۆتێلەکان بەردەوام کراوەبوونە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، کە لە پاریزگای دھۆک زیاتر لە دوو سەد و پەنجا شوێنی گەشتیاری ھەن.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، گوتی: بۆ پێشوازیکردن لەو ڕێژە زۆرەی گەشتیاران، ئامادەکاری تەواو کرابوو و یەکە گەشتیارییەکانی وەک چێشتخانە و میوانخانە و مۆتێل و کافتریاکان ئاگادار کرابوونەوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران بکەن، زۆریی ئەم ڕێژە زۆرەی گەشتیاران بۆ دوو ھۆ دەگەڕێتەوە، یەکەمیان داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و دووەمیان بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و باشووری عێراق کە ھۆی سەرەکی ھاتنی گەشتیارانی عەرەب بوو بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان.