وەک ئاشکرایە ئێران بەشێکی گرنگ لە پێداویستییەکانی عێراق بە گازی سروشتی و کارەبا دابین دەکات و لەبەرانبەر ئەو هەنگاوەشدا عێراق ساڵانە ملیاران دۆلار بە ئێران دەدات. بەستراوەیی عێراق بەو بەرهەمە گرنگە دوور نەبووە لە مەترسی و هەر کاتێک کێشەیەک لە دابینکردنی وزە هاتبێتە کایەوە کاریگەریی بۆ سەر شەقام و کەشی سیاسی هەبووە و عێراقی خستووەتە تەنگژەوە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە یەکێتیی ئەوروپا داوای لە ئێران کردووە دابینکردنی وزە نەکاتە کارتی سیاسی و هەمان هەڵەی ڕووسیا لە ئەوروپا دووبارە نەکاتەوە.
عێراق لە ساڵانی رابردوودا بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانی گاز و کارەبا هانای بۆ ئێران بردووە بەڵام قەبارەی ئەو گاز و کارەبایەی کە لە ئێرانەوە بۆ عێراق گواستراوەتەوە هەندێک جار بە بێ هیچ هۆکارێک کەمی کردووە یان پچڕاوە و ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق بوەستن، ئەم ڕووداوانە کاریگەری هەبووە لە کەمکردنەوەی سەعاتەکانی کارەبا لە عێراق و لە ساڵانی ڕابردوودا کەمبوونەوەی ئەو خزمەتگوزارییە یەکێک بووە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی خەڵک بۆ چوونە سەر شەقام و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی حکوومەتەکانی عێراق.
حکوومەتی ئێستای عێراق لە ئاکامی قەیرانێکی قووڵی سیاسی هاتە کایەوە و بە تایبەتی لە دوای پەسندکردنی بودجە وڵاتانی خۆرئاوا حەزدەکەن سەقامگیرییەکی ڕێژەیی باڵ بەسەر وڵاتدا بکێشێت هەر چەندە گومان و ترسیشیان هەیە دۆخەکە دیسان بە ڕووداوێکی نوێ تێک بچێت.
یەکێتیی ئەوروپا ترسی هەیە لەوەی ئێران دابینکردنی ئەو بەرهەمە بۆ مەبەستی سیاسی بەکار بێنێت وەک چۆن ڕووسیا لە ماوەی لانی کەم دوو ساڵی ڕابردوو لە دابینکردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا هەمان سیاسەتی گرتە بەر و بووە هۆی ئەوەی ئەوروپا لەو بەرهەمە تووشی قەیران ببێت و تەنانەت نرخی سووتەمەنی لە ئەوروپا زۆر زیاد بکات و هەڵاوسانی ئابووری و کۆمەڵێک کێشەی تری بەدواوە بێت.
ویلا ڤاریۆلا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە بەغدا ڕای گەیاندووە کە دیموکراسی و گەشەپێدانی دەرفەتی کار و ئابووری و دادپەروەری لە پێشینەی کارەکانیانە لە عێراق و هەرچەندە عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک کێشە و تەنگژەی ئابووری و سیاسی و تەناهیدایە و هەرچەندە هەندێک هەنگاوی هەڵهێناوە بەڵام چاوەڕوانن هەنگاوی جیددیتر بنێت. یەکێک لەو کێشانەی کە زۆر جار بەربینگی عێراقی گرتووە بریتی بووە لە پچڕانی ئەو گازەی کە لە ئێرانەوە بۆی دابین دەکرێت و باڵیۆزەکە پێی وایە ئەم کێشەیە دەبێ لە نێوان هەر دوو حکوومەتی بەغدا و تاراندا چارەسەر بکرێت.
بە بۆچوونی یەکێتیی ئەوروپا نابێت گاز بکرێتە کارتێکی گوشار لە دژی عێراق و بۆ مەبەستی سیاسی بەکار بهێنرێت.
باڵیۆزەکە ئاماژەی بە ڕووسیا کردووە کە لە ڕابردوودا ویستوویەتی گاز بکاتە کارتی گوشار دژی یەکێتییەکە، هەر چەندە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا خێرا بەخۆ کەوتن و بیریان لە جێگرەوە و سەرچاوەی تری گاز کردەوە.
یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ هۆشداریدان بە ئێران لە ئەگەری هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی نانەوەی قەیرانی وزە لە عێراق، پاڵپشتیی خۆی بۆ حکوومەتی عێراق بە تایبەتی بۆ پەرەپێدانی بەندەری فاو لە باشووری عێراق و بەستنەی بە زاخۆ و پاشان ئەوروپا دەربڕی.
بەپێی ئامارێک کە خراوەتەڕوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بریتییە لە بیست و هەشت ملیارو پێنج سەد ملیۆن دۆلار و بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە چاوەڕوان دەکرێ قەبارەکە زۆر زیاد بکات.
پێویستە بگوترێ ماوەی رابردوو عێراق سەرجەم ئەو پارەیەی بۆ ئێران گەڕاندەوە کە لە بری کڕینی کارەبا و گاز لە بانکێکدا لە لایەن ئەمەریکا بلۆک کرابوو و ئێستا هیچ قەرزێکی ئێران لەسەر عێراق نەماوە و بۆیەش هیچ بیانوویەک لەبەر دەستی ئێراندا نییە بیهەوێت لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەرهەمەکە کەم بکاتەوە.
ئێران پێشتر چەندین جار بە بیانووی وەرنەگرتنی پارە، دابینکردنی گازی کەم کردووەتەوە و مانگی ڕابردووش بەهۆی کەمکردنەوەی هەناردەی گاز سەرووی سێ هەزار مێگاوات لە کارەبای عێراق دابەزی.
کەمبوونەوەی بەرهەمی کارەبا لە عێراق لە وەرزی هاویندا دەتوانێت قەیرانێکی نوێی سیاسی و ئەمنی بەدوای خۆیدا بهێنێت و بۆیەش ئەگەر ئەو گازەی لە ئێران کڕدراوە ئەگەر بە ڕێکی بگوازرێتەوە ئەوا بەرهەمهێنانەکە کەم ناکات. عێراق لەم کەرتەدا دەستی بە وەبەرهێنان کردووە و چاوەڕوان دەکرێ تا چەند ساڵێکی تریش حەوجێی ئێران بێت.