بڕیارە سبەی دووشەممە یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق لە سعودیەوە بگەڕێنەوە. ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە بەرپرسەکانی عێراق گەڕانەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڵاویکردەوە، وەزیری گواستنەوەی عێراق داوای لە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە کردووە هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی حاجییانی عێراق بەشێوەیەکی رێکوپێک و فڕۆکە نوێیەکانیش لەو ئەرکەدا بەشداربن.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ گەڕانەوەی حاجییان لە فڕۆکەخانەکانی سعودیەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و رۆژی دووشەممە، 3ی تەمموزی 2023ش یەکەم گەشتی گەڕانەوەیان ئەنجام دەدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی شەممە بەشێک لەو بەرپرسە باڵایانەی عێراق کە چووبوونە حەج گەڕانەوە. ئەمساڵ چەندین وەزیر، پەرلەمانتار و بەرپرسی دیکە چووبوونە حەج، لەوانە وەزیرانی ناوخۆ و کشتوکاڵی عێراق.
ئەمساڵ ژمارەی حاجییانی عێراق و هەرێمی کوردستان 37 هەزار کەس بوو؛ چوار هەزار و 685 کەسیان لە هەرێمی کوردستانەوە چووبوون. تێچووی هەر حاجییەک بە رێگەی گەشتی ئاسمانی 4500 دۆلار و تێچووی حەجی وشکانیش 3800 دۆلار بوو.