دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆلاف شۆڵتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن دوا و سه‌ره‌تا گوتی “سه‌ردانمان بۆ به‌رلین له‌سه‌ر داوای ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا بووه، ئه‌مڕۆ ئێواره دیدارێكی باشمان هه‌بوو، له‌م دیداره‌دا ئه‌و شتانه‌ی هاوبه‌ش بوون له‌نێوان هه‌رێمی و ئه‌ڵمانیا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا باس كران.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین، به‌رلین و جه‌نابی ڕاوێژکار زۆر گرنگی به به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه ده‌دات له‌گه‌ڵ عێراق و له چوارچێوه‌ی عێراقیشدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
سه‌رۆكی هه‌رێم گوتیشی: ئه‌و بابه‌تانه‌ی جێی بایه‌خی هه‌ردوولامان بوون، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسمان كرد، چۆنیه‌تیی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌ڕووی ئابووری و له‌ڕووی سیاسییه‌وه، داواشمان لێ كرد سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌ویش وه‌ك ئێمه هه‌ستمان كرد به ڕاستی زۆر به بایه‌خه‌وه، گرنگی به په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ عێراق و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن.
دواتر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی پرسیاری ڕۆژنامه‌وانانی دایه‌وه و سه‌ره‌تا ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه حكوومه‌تی ناوه‌ند تا چه‌ند پشتگیریی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا ده‌كات، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: بێگومان ئه‌و سه‌ردانه‌ی كه ئێمه هاتووین بۆ ئێره، پێش ئه‌وه‌ی بێین، هاوئاهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه و له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانیش كه ئه‌مڕۆ لێره كردوومانه، باڵیۆزی خۆمان له‌گه‌ڵمان بووه، له هه‌موو دیداره‌كانیش له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدار بووه و وه‌ك یه‌ك تیم قسه‌مان كردووه، به ڕاستی نه‌مدیوه عێراق، به‌غدا كێشه دروست بكات بۆ ئه‌م دیدارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك بێت.
سه‌باره‌ت به پرسیارێكی دیكه ده‌رباره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و باسی هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها دووباره هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی:
په‌یوه‌ندیی یه‌كێتی و پارتی زۆر زۆر خراپ نییه، خراپه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده زۆر خراپ نییه. ئێستا ئه‌مڕۆ كه ئێمه لێره‌ین، كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی كراوه و هیوادارین ئه‌م كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بگه‌ین به ئه‌نجامێك. بێگومان له‌گه‌ڵ یه‌كتربوون و پێكه‌وه‌بوون، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها له عێراق و له به‌غداش به‌هێزتر ده‌كات، هه‌وڵه‌كان هه‌موو له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه كه ئێمه بتوانین له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بگه‌ینه لێكتێگه‌یشتن. بابه‌تی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش مه‌سه‌له‌یه‌كه بێگومان به‌شێكی په‌یوه‌ندی به به‌غداوه هه‌یه و ئه‌وه‌ی تریان په‌یوه‌ندی به توركیاوه هه‌یه، به‌ڵام هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌بینین زۆر به‌داخه‌وه له به‌غداوه ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی پێویستن بنرێن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وت دووباره ده‌ست به هه‌نارده‌كردنی بكرێت، تا ئێستا ئه‌و هه‌نگاوانه نه‌نراون.
ده‌رباره‌ی زیاتركردنی هاوكاریی ئه‌ڵمانیا بۆ پێشمه‌رگه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگالیش ڕایگه‌یاند: ئێمه له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا، سوپاسی هه‌ڵوێستی ئه‌ڵمانیامان كرد که له كاته سه‌خته‌كاندا ئه‌ڵمانیا پشگیریی هه‌رێمی كوردستانی كردووه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، چ له‌ڕووی سه‌ربازی، چ له‌ڕووی مرۆیی و چ له‌ڕووی ئابوورییه‌وه، ئه‌مڕۆش ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا دووپاتی كرده‌وه كه گرنگی به‌وه ده‌دات پشتگیریی عێراق و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان بكات له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌مڕۆ تێیگه‌یشتین، به‌ڵێ ئه‌و پشتگیرییه به‌رده‌وام ده‌بێت.
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به هۆكاری گرنگیدانی ئه‌ڵمانیا به هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی كه كۆتاییی ئه‌مساڵ واده‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له عێراق و هه‌رێمی كورستان كۆتایی دێت، نێچیرڤان بارزانی گوتی:
به ڕاستی باسی ئه‌و پرسه نه‌كرا، به‌ڵام هه‌روه‌ك ئێوه ئاگادارن په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیای درێژ كرده‌وه و ئه‌مڕۆ قسه‌مان كرد له‌گه‌ڵ جه‌نابی ڕاوێژكار و جه‌ختمان له‌وه كرده‌وه كه داعش وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر عێراق هێشتا ماوه و جه‌ختمان له‌وه كرده‌وه كه تا ئێستاش عێراق پێویستی به پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه له‌مباره‌یه‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان ده‌رباره‌ی بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ توركیا دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م وڵاته، سه‌رۆكی هه‌رێم گوتی: پرسی بوونی ئه‌مه‌ریكا له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنێكدایه كه له‌گه‌ڵ عێراق كراوه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه نه‌بووه، ڕێككه‌وتنێكی ستراتیژی هه‌یه له‌نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا و له‌م چاورچێوه‌یه‌دا سوپای ئه‌مه‌ریكا له عێراق هه‌یه، باوه‌ڕی ئێمه و باوه‌ڕی به‌غداش ئه‌وه‌یه كه تا ئێستاش پێویستیمان به هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مه‌ریكا وه‌ك هێزێكی هاوپه‌یمان له عێراقه و تا ئێستاش هه‌موو لایه‌نه‌كانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه پێویسته ئه‌و هاوكارییه به‌رده‌وام بێت. سه‌باره‌ت به توركیاش، پێش ئێستا و ئێستاش په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا باشن و خراپ نین، هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و عێراقیش ڕۆژ دوای ڕۆژ به‌ره‌و باشتر بڕۆن.