شه‌قامێكی گه‌وره‌ی جووتساید له‌ شاری هه‌ولێر دروست ده‌كرێت

ئێستا تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، كار له‌ پرۆژه‌ی دروستكردنی شه‌قامێكی دووساید له‌ نێو شاری هه‌ولێردا ده‌كه‌ن، كه‌‌ سوودی بۆ ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌كی نێو شاری هه‌ولێر هه‌یه‌ و ده‌بێته‌ هۆی ئاسانكاریی هاتوچۆی شۆفێران و دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌.

پرۆژه‌كه‌ له‌ چه‌ندین بڕگه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌، وه‌ك دروستكردن و قیرتاوكردنی شه‌قامی دووسایدی كۆنی كه‌ركووك له‌گه‌ڵ ئاوه‌ڕۆ؛ ده‌كه‌وێته‌ نێوان شه‌قامه‌كانی (١٠٠م و ١٢٠م) و تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زۆر باشی ڕێگه‌سازی هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری به‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی و گه‌ڕه‌كه‌كانی ڕاستی و ژیان ده‌به‌ستێته‌وه‌.

درێژیی شه‌قامه‌كه‌ (١٦٠٠م) و ئێستا كاركردن تێیدا به‌رده‌وامه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی زوودا بكه‌وێته‌ خزمه‌ت دانیشتووانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ و شاری هه‌ولێر به‌ گشتی. گوژمه‌كه‌شی‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگه‌ی هه‌ولێره‌ و له‌ لایه‌ن تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێره‌وه‌ جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت.