ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى هاريكاريى ئابوورى و په‌ره‌پێدانى ئه‌ڵمانيا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وه‌زيرى هاريكاريى ئابوورى و په‌ره‌پێدانى ئه‌ڵمانيا کۆبووەوە و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و چەندین بابەتی دیکە تاوتوێ کران.

پاش ئه‌وه‌ى به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌يشته‌ ئه‌ڵمانيا به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ـی 06ـی 2023 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌رلين له‌گه‌ڵ سڤينيا شوولتز وه‌زيرى هاريكاريى ئابوورى و په‌ره‌پێدانى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستووەتەڕوو.  

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌که‌دا كە باڵیۆزی عێراق لە بەرلین ئامادە بوو، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌ردوولا له‌ بواره‌ جياكاندا، دۆخى شه‌نگال و ئێزدییان و‌ ئاواره‌ په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و مه‌ترسييه‌كانى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر عێراق، تاوتوێ كران.

ڕاشیگەیاند: نێچيرڤان بارزانى سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌ڵمانياى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و خۆشحاڵيى خۆى به‌ ڕێككه‌وتنه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى نێوان ئه‌ڵمانيا و عێراق ده‌ربڕى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى دووپات كرده‌وه‌ بۆ بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانيا.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەر لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەش دا “سڤينيا شوولتز، به‌رده‌واميى پشتگيرى و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاريكارى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕی به‌تايبه‌تى له‌و بوارانه‌دا كه‌ پێويستن وه‌ک وه‌به‌رهێنان و مه‌شق و ڕاهێنان له‌ بواره‌‌ جیاکاندا و فره‌چه‌شنکردنی ئابووری به‌ شێوه‌یه‌ک یارمه‌تیده‌ر و هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ ڕێکاره‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کانی گۆڕانی که‌شوهه‌وا له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان.