فراکسیۆنی پارتی: لە یەکی حوزەیرانی 2023ـەوە مووچەی پەرلەمانتاریمان رەت دەکەینەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی حوزەیران فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بە ئەرکی پەرلەمانی خۆی هێنا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان کردووە، کە دوو خاڵی لەخۆگرتووە.

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: یاداشتێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان کرد کە دوو خاڵی لەخۆگرتووە، ئەوانیش بریتین لە:

1. بەپێی یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 202، یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشین لە هەرێمی کوردستان، هەڵبستن بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆ تەواوبوونی ماوەی ئەندامێتی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی و نوێنەری فراکسیۆنەکە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.

2. لە یەکی حوزەیرانی 2023ـەوە مووچەی پەرلەمانتاریمان رەت دەکەینەوە و داواتان لێدەکەین، مووچەی مانگی شەش بۆ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی و نوێنەرمان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، نەبەسترێت و بە هیچ شێوەیەک وەریناگرین.

ئاماژەیان بەوەشدا، وەک چۆن پێشتر بەڵێنیان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دابوو، کە بابەتی خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە رێکخستنەوە هەبووە، ئەوانیش بەڵێنەکەیان بەجێگەیاند، مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران پێشتر زیاتر لە شەش ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە دەقی یاسای چاکسازی کە دەرچووە و ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە، ئەو مووچەیە نەماوە.

زانا مەلا خالید روونیشیکردەوە، فراکسیۆنی پارتی کە پێکهاتووە لە 45 پەرلەمانتار، بەپێی ئەو تەمەنەی دەستنیشان کراوە، بۆ خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمان، 22 ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەخوار 45 ساڵەوەیە و بڕی سەدا 50ـی مووچەی خانەنشینیش نایانگرێتەوە و بە رێژەی سەدا 15 بۆ 25 خانەنشین دەبن، ئەگەر خوازیار بن، 23 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتیش بە رێژەی سەدا 25 بۆ 50 خانەنشین دەبن.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی راشیگەیاند، هەر بڕیارێکی سیاسی لەلایەن سەرکردایەتی کوردستانەوە بدرێت، بە دڵنیاییەوە رۆڵی گرنگی دەبێت لە بڕیارەکەدا.

سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، زانا مەلا خالید باسی لەوەکرد، خوازیاری ئەوە نەبوون هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابکەوێت، بەڵام بەهۆی بوونی گرفتی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و چەند پرسێکی دیکە، بە ناچاری و بە کۆدەنگی لایەنەکان، ویلایەتی پەرلەمانی کوردستانمان درێژکردەوە.

راشیگەیاند: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەوڵماندا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەین و کۆمسیۆنێک چالاک بکەین بەو خواستەی کە دەیانەوێت، گوتیشی: ناگەڕێینەوە سەر ئەم باسە، بۆئەوەی بتوانین لە داهاتوودا، ئایندەیەکی رووناک چاوەڕێی هەرێمی کوردستان بکات و سەرجەم لایەنەکان، بتوانن هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستای رزگار بکەن.

بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە دەستپێشخەری کردووە، بۆئەوەی بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دروست نەبێت، لەم پێناوەشدا، سازشی زۆریان کردووە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی کۆمسیۆن.