گازی کەنداو لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئەوروپا دەکرێت

عێراق و هەرێمی کوردستان و پاشان تورکیا دەبنە شادەماری سەرەکیی گواستنەوەی گازی قەتەر و کەنداو و ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا؛ ئەمە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەی سەنتەری جیهانیی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانە کە لێکۆڵینەوەی لە سەرجەم پڕۆژە و بژاردەکانی ناوچەکە بۆ دابینکردنی گازی ئەوروپا کردووە. بە پێویست زانراوە هەرچی زووە یاسای نەوت و گاز لە عێراق پەسند بکرێ و هەولێر و بەغدا جۆرێک ڕێک بکەون کە کۆمپانیاکان بێ هیچ کێشەیەک دەست بە وەبەرهێنان بکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا، وێڕای هەڵسەنگاندنی دابینکردنی گازی ئەوروپا و ئەو کێشە و بەربەستانەی بۆ هەنگاوەکانی وەبەرهێنان لە دەریای ناوەڕاست و لیبیا و ناکۆکییەکانی تورکیا لەگەڵ قوبرس و یۆنان هەیە، بەو دەرەنجامە گەیشتووە باشترین سەرچاوەی دابینکردنی گازی ئەوروپا گازی کەنداوە و باشترین ێگای گواستنەوەش ئەو هێڵەیە کە بڕیارە بە عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ بێت.
ئەو ڕێککەوتنەی لە ساڵی ٢٠١٩ لە نێوان لیبیا و تورکیا کرا تووڕەیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی لێ کەوتەوە، بەڵام ئەوروپا پێویستی هەنووکەیی بە گاز هەیە و چاوەڕوانی ئەوە ناکات کەی کێشەی قووڵی مێژوویی نێوان تورکیا و قوبرس و لیبیا و یۆنان و وڵاتانی ناوچەکە چارە دەکرێت.
بەپێی ئامارێکی ڕاپۆرتەکە کە ئەلعەرەبی ئەلجەدید و میدڵست نیوزیش بە بایەخەوە تیشکیان خستووەتە سەر، یەکێتیی ئەوروپا ساڵانە پێویستی بە سەدو پەنجا ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی هەیە و ئامانجیەتی هەرچی زووە هاوردەکردنی تەواوەتی ئەو بەرهەمە لە ڕووسیاوە بوەستێنێت و چیتر پشت بە ڕووسیا نەبەستێت.
بژاردەیەکی تر کە بە گونجاو نەزانراوە، ئەوە بووە ساڵانە دە ملیار مەتر سێجا گازی سروشتیی میسر لە ڕێی ئوردن و سووریاوە بە تورکیا و پاشان ئەوروپا بگوازرێتەوە، بژاردەیەکی تر ئەوە بووە گازی ئێران لە ڕێی عێراق و سووریا و لوبنان بۆ ئەوروپا بگوازرێتەوە و ئەو پڕۆژەیەش بە لەبەرچاوگرتنی سزاکانی سەر سووریا و ئێران و پرسی تەناهی بە بژاردەیەکی خراپ هەژمار دەکرێت.
بە ڕای سەنتەرەکە، باشترین بژاردە هەر ئەو هێڵەیە کە بڕیارە لە باشووری عێراق تا زاخۆ ڕابکێشرێت چونکە لە لایەک عێراق و هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندن بە گازی سروشتی و لە لایەکی تر قەتەریش بەرهەمهێنەرێکی سەرەکیی گازە و لە سعوودیەش لەو کەرتە وەبەرهێنان کراوە و لە داهاتوودا گازەکەی بۆ ئەوروپا دەگوازرێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و کۆمپانیای تاقەی قەتەری گرێبەستێکی بیست و حەوت ملیار دۆلارییان لە گەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرا ئیمزا کرد. هەروەها عێراق لەگەڵ کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی گازیی عەکاز لە ئەنبار ئێمزا کردووە و لە کوردستانیش ژمارەیەک کۆمپانیای جیهانیی لە کەرتی گازدا وەبەرهێنانیان کردووە.
ڕاستە ئێستا عێراق پێویستی بە گازە و تەنانەت لە ئێران دەیکڕێت، بەڵام پێشبینی کراوە تا سێ ساڵی تر بەرهەمهێنان بگەیەنێتە دوو تریلیۆن پێ سێجا.
یەکێک لەو کێڵگە گازییانەی کە لە نێوان ئێران و قەتەر هاوبەشە و ڕەنگە بەرهەمی ئەو کێڵگەیەش لە داهاتوودا بە هەمان هێڵ هەناردە بکرێت کێڵگەی گازی پارسی باشوورە و ئەمەش ڕەزامەندی ئەمەریکا و ئێرانیشی دەستەبەر کردووە.
چاوەکان لەسەر بەغدا و هەولێرن تا لە پرسی گواستنەوەی گاز و پرسی باج و خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکان رێک بکەون. جگە لەمە، دەبێ عێراق و هەرێمی کوردستان هەرچی زووە یاسای نەوت و گاز پەسند بکەن بۆ ئەوەی نیگەرانیی کۆمپانیاکانی جیهانیش بڕەوێتەوە و و بە بێ دوودڵی وەبەرهێنان بکەن.
تێچووی ڕاکێشانی هێڵی گازی قەتەر بۆ تورکیا بیست ملیار دۆلارە، هێڵەکە بە خاکی سعوودیە و کوێت و عێراق و پاشان کوردستاندا تێدەپەڕێت و بە تورکیاوە گرێ دەدرێت. شان بە شانی ئەو پڕۆژەیە، عێراقیش لە بەسراوە پڕۆژەیەکی ستراتیجیی بۆ گواستنەوە و شەمەندەفەر و هێڵی گاز و نەوت بەرەو زاخۆ جێبەجێ دەکات کە حەڤدە ملیار دۆلاری تێ دەچێت.
ئەمەریکا و ئەوروپا سوورن لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە و پاڵپشتیی خۆیان بە تەواوی ڕاگەیاندووە هەموو هەوڵێکی خۆیان بەگەڕ خستووە لەمپەرەکان لاببەن بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ تا پێنج ساڵی داهاتوو ئەوروپا لە گازی ڕووسیا بێنیاز بکەن.
ئەوەی ڕوودەدات دەرفەتێکی زۆر گەورەیە لە بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان و بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووری بەدوادا دەبێت.